کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، پێشنیار و هۆشداری بە هەڕەشە وەردەگرن

11:17 - 14 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم، هەموو سیاسەتە دەرەکی و نێوخۆیییەکانیان لەسەر بنەمای هەڕەشە بونیات ناوە.

مایک پۆمپێئۆ، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی بەفرانبار، لە پێوەندی لەگەڵ هاویشتنی و تاقیکردنەوەی مووشەک لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، هۆشداری بە بەرپرسانی ڕێژیم داوە.

ناوبراو لەو بارەوە باسی لەوە کردووە، کە ڕێژیمی ئێران واز لە هاویشتن و تاقیکردنەوەی مووشەکە بالستیکیی و فەزاییەکانی خۆی بێنێت و لە تێکدانی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە خۆی ببوێرێت.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، لە وڵامی ئەم هۆشدارییەی پۆمپێئۆ وتوویەتی: بەرنامەی کۆماری ئیسلامی بۆ هاویشتن ماهوارە بۆ فەزا و تاقیکردنەوەی مووشەک، پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە.

ناوبراو، لەم پێوەندییە لە لاپەڕەی تویتەکەی خۆیدا نووسیویەتی: ئەوەی کە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی پێشێل کردووە، ئەیالاتی یەکگرتووی ئامریکایە و لەم بارەوە ناتوانێت هیچ قسەیەک بکات.

زەریف بە چەواشەکردن و بە هەڕەشە نیشاندانی قسەکانی پۆمپێئۆ، لە کۆتاییدا وتوویەتی: هەڕەشە، هەڕەشە دەهێنێت و ڕێزگرتن، رێزگرتنی بە دوایە.

بڕیارنامەی ٢٢٣١، پاش ڕێککەوتننامەی بەرجام لە نێوان ڕێژیمی ئێران و زلهێزەکانی جیهان دەرکرا، کە بە هۆیەوە کۆتایی بە گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێرانی هێنا و لە هەمان کاتدا ڕێژیمی ئێرانی بەوە پێبەند کردووە، کە خۆی لە بەرهەمهێنان و تاقیکردنەوەی مووشەکە بالستیکییەکانی هەڵگری چەکی ناوکی خۆی ببوێرێت.