کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئیران لە شاری "تیکاب" کەمترین خزمەتگوزاری ئەنجام دەدا

11:09 - 12 رەشەمه 2721

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "تەسنیمـ"ـی سەر بە ڕێژیمی ئێران، شاری "تیکاب" بە حەشیمەتی نزیک بە ٨٥ هەزار کەس، لە زۆربەی خزمەتگوزارییەکان بێبەشە و کاری بۆ ناکرێت.

خەڵکی ئەو شارە چەندین جار بە گوێی بەرپرسانیان ڕاگەیاندووە کە هیچ  خزمەتگوزارییەک لەو شارە ناکرێت، بەڵام کەس گوێیان پێ نادات.

ئەو شارە گەلێک کێشەیان لە بواری خزمەتگوزارییەوە هەیە، لەوانە نەبوونی دەرمان، دەزگای سی تی ئێسکەن و ئیمکاناتی نەشتەرگەریی دەدان.

هەروەها خەڵکی "تیکاب" باس لەوە دەکەن کە نەخۆشخانەی ئەو شارە دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانی و بە کەمترین خزمەتگوزاری کراوەتەوە.

بە وتەی "حەیدەری ئازاد" سەرپەرستی فەرمانداریی ڕێژیمی ئێران لە "تیکاب"، ئەو شارە لە مێژوودا لە گشت خزمەتگوزارییەکان وەدوا کەوتووە و لەو پەیوەندییەشدا لە پێڕستی ٣١ شاردایە کە لە کوردستان و ئێران کەمترین خزمەتگوزارییان بۆ کراوە.

ئەو بابەتە لە حاڵێکدایە کە "تیکاب" شارێکی دەوڵەمەند بە کانگای زێڕە و ساڵانە ڕێژیمی ئێران زێڕ و سامانێکی زۆری لێ بەتاڵان دەبات و ڕەوانەی شارەکانی ناوەندیی ئێرانی دەکات و لەوێ خزمەتگوزاریی پێ ئەنجام دەدات یان میلیشیا چەکدارەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە پێ بەهێز دەکات.