کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئیران لەگەڵ قەیرانی کەمیی پەرەستار بەرەوڕوویە

13:05 - 16 خەرمانان 2721

"حەمید ڕەزا عەزیزی" جێگری گەشە و بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی نیزام پەرەستاریی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی لەو دۆخە سەختەی "کۆرۆنا"دا لەگەڵ کێشەی کەمیی پەرەستار بەرەوڕووینە.

"عەزیزی" وتوویەتی بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستمان دەگات لە زۆربەی پارێزگاکان تەنیا یەک پەرەستار بۆ ٢٥ نەخۆش لەبەردستدا هەیە کە ئەوەش دۆخێکی باش نییە.

ناوبراو وتوویەتی لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا وەزارەتی تەندرووستی بە ڕێژی پێویست پەرەستاری دانەمەزراندووە و تەنیا لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بەشێکی کەمی پەرەستار دامەزراندووە کە بەنیسبەت "خانەنشینکردن، چارەسەریی تەندروستی و کۆچکردنـ"ـی پەرەستاران ئەو ڕێژەیە زۆر کەمە.

لە ئێستادا ڕێژەی پەرەستار بەنیسبەت تەختەکانی نەخۆشخانەکان لە ئێراندا لە خراپترین دۆخدا نزیک بە ٠.٨ لەسەد لە حاڵێکدا لە حاڵەتی پێوەرمەندا ئەو ڕێژەیە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا ٤ پەرەستار بەنیسبەت یەک تەختی خەواندنی نەخۆشە.

کەمتەرخەمیی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی بووەتە هۆکاری کەمیی پەرەستار و لەلایەکی دیکەوە ناڕەزایەتی پەرەستارانی لێ کەوتووەتەوە و وەزارەتی تەندروستی بەجێی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ئەو کێشەیە ڕایگەیاندووە لە خوێندکاران بەجێی پەرەستار کەڵک وەرگیرێت کە بەپێجەوانەی یاسایە.