کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تۆمەت لە خەڵک دەدات

10:45 - 4 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: بنکە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەیانهەوێ تۆمەت لە خەڵک بدەن کە گۆیا خۆپێشاندەران تەقەیان لە خەڵک کردووە .

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەوڵدان کە شوناسی شەهیدانی ئەو خۆپیشاندانانە لە ئیدارەی بەناو "بونیادی شەهید"دا تۆمار بکەن.

هاوکات ڕێژیم لە پیلانێکی دیکەدا دەیهەوێ وا پیشان بدات کە گۆیا ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا شەهید کراون، لە لایەن خودی خۆپیشاندەرانەوە تەقەیان لێکراوە.

لە لایەکی دیکەوە ڕێژیمی ئیسلامیی دیهەوێ فیلم لەسەر خۆپێشاندانەکان دروست بکات و وا نیشان بدات کە خۆپیشاندەران تاونباران.

لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستاندا، هاووڵاتییەکی ناڕازی بە ناوی "بورهان مەنسوورنیا" خەڵکی مەریوان، خاوەنی دوکتورای دامپزیشكی، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان لە کرماشاندا، شەهید کرا.

لە خۆپیشاندانەکانی کرماشاندا، هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران تەقەیان لە هاووڵاتییانی ناڕازی کرد و لە ئەنجامی ئەو دەسڕێژییانەدا، دەیان هاووڵاتیی ناڕازی شەهید و بریندار بوون.

هەتا ئێستا تەنیا شوناسی چەند کەسێک لە هاووڵاتییانی ناڕازیی کوژراو بە ناوەکانی: "موزەفەر زەهیری کوڕی نسوور، محەممەد میرزایی، نادر بیژوەند و مستەفا فەرزامی"، ڕوون بووەتەوە.