کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بۆکان مزگەوتەکانی لەسەر خەڵک داخستووە

12:23 - 8 خەرمانان 2720

لە دوای چالاکیی تەبلیغیی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ و بڵاوکردنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە لە بڵندگۆی مزگەوتی گوندی "برایم ئاباد" لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، مزگەوتی ئەو گوندە لەلایەن ڕێژیمەوە داخراوە و پلۆمپیان کردووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەکرێگیراوان و هێزەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی "برایم ئاباد"ی ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان و لە دوای بیڕێزیکردن و سووکایەتی بە خەڵکی ئەو گوندە، نوێژی جەماعەت و چوونە نێو مزگەوتیان لە خەڵک قەدەغە کردووە و دەرگای مزگەوتەکەیان پلۆمپ کردووە.

بەپێی وتەی خەڵکی ئەو گوندەیە، هەتا ئێستاش داخستنی مزگەوتی گوند و پێشگرتن بە خەڵک بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ئایینیی خۆیان، هەروا درێژەی هەیە.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەرەبەری ٢٥ی گەلاوێژەوە هەتا کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژ بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی لە شار و گوندەکانی کوردستان، ترسیان خستە دڵی داگیرکەرانەوە و ئێستا ڕێژیم بەو کارانەی خۆی دەیهەوێت تۆڵە لە خەڵکی کوردستان بکاتەوە.