کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گرووپی ''پزیشکانی بێ سنوور''ی لەو وڵاتە دەر کرد

12:04 - 5 خاکەلێوه 2720

ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور لەگەڵ پزیشک و دەرمان و کەلوپەلی دیکە کە بۆ بەرەنگاری لەگەڵ نەخۆشیی کۆرۆنا هاتبوونە ئیسفەهان، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە داوایان لێکرا کە ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن.

لە حاڵێکدا ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی سەحرایی لە ئیسفەهان ئامادەیی خۆیان دەربڕیبوو، بەرپرسانی ڕێژیم دژایەتیی خۆیان دەربڕی و داوایان لێکردوون کە ئێران بەجێ بهێڵن.

ئەم گرووپە لە ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور لە ٩ پزیشک و پسپۆر پێک هاتبوون کە بڕیار بوو لەم نەخۆشخانە سەحراییەدا تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا چارەسەر بکەن.

"وەهابزادە"، ڕاوێژکاری وەزیری تەندروستیی ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە لە توییتێکدا نووسیویەتی: "پێویستیمان بە دانانی نەخۆشخانەی سەحرایی لەلایەن هیزە بیانییەکانەوە نییە و نابێ لێرە بن''.

لەلایەکی ترەوە بەرپرسانی پزیشکانی بێ سنوور وتوویانە، پێشنیاری یارمەتیدان بە ئێران لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە درابوو و بەرپرسانی ئێرانیش ئەو داواکارییەیان قەبووڵ کردبوو.

ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور یەکێک لە گرینگترین دامەزراوەکانی نێودەوڵەتییە کە لە کاتی قەیرانەکاندا یارمەتیی وڵاتانی جیهان دەدات.