کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ئاخوندەکانی قوم بۆ کوردستان ڕادەگوازێت

12:05 - 9 رەشەمه 2719

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەیکە کاربەدەستانی باڵا تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا نەبن بۆ کوردستانیان ڕادەگوازن.

بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە "کوردستان میدیا" ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ پاراستنی کاربەدەستانی باڵای ڕێژیمی ئێران و بەتایبەتی ئاخوندەکانی شاری قوم، ئەو کەسانە بۆ کوردستان ڕادەگوازێت.

بەپێی ئەو زانیارییانە، لە شاری قوم ئاخوندەکان بۆ شاری مەریوان ڕاگوازراون هەتا لە نەخۆشیی کۆرۆنا پارێزراو بن.

شاری قوم ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێرانه و ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە هیچ ڕێگایەکی نەگرتووەتە بەر.

هاوکات لە شاری سنه زانکۆی زانستیی پزیشكی ئەو شارە لەسەر بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی لەگەڵ ئاخوندەکان مشتومڕی هەبووە.

دوای ئەو مشتومڕییە، ئاخوند "بەهمەنی" لە سنە ڕایگەیاندووە، نوێژی هەینی لە سنە بەڕێوە دەچێت و داواشی لە خەڵک کردووە کە بەشداری بکەن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تەنیا لە چەند شاری ئێراندا بڕیاری داوە کە نوێژی هەینی بەڕێوە نەچێت.

بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی کۆرۆنا لە ئێراندا زیاتر دەکات. هاوکات کە ڕێژیمیش ڕێکاری گونجاو بۆ پێشگرتن لە کۆرۆنا ناگرێتە بەر مەترسیی ئەو نەخۆشییە چەند قات زیاتر بووە.