کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ئاستی پیتاندنی ئورانیۆم بۆ٢٠ لەسەد پەرە پێ دەدات

11:36 - 13 بەفرانبار 2720

نوێنەری ڕووسیە لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی وتوویەتی، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە ئاژانسی وزەی ناوکییان ڕاگەیاندووە کە ڕێژەی پیتاندنی ئورانیۆم هەتا ٢٠ لەسەد بەرز دەکاتەوە.

ئەم ڕێژەیە بە واتای گەڕانەوەی ڕێژیمی ئێران بۆ پێش لە ساڵی ٢٠١٥ـەیە کە وڵاتانی زلهێزی جیهان گوشاریان خستە سەر ڕێژیمی ئێران و لە ئاکامدا ڕێککەوتنی بەرجامیان لەگەڵ واژۆ کرد.

بەپێی ڕێکەوتنی بەرجام، ئێران لەهەمبەر پیتاندنی ئورانیۆم هەتا ئاستی ٣.٧ لەسەد ڕێگای پێ دراوە، بەڵام ڕاپۆرتەکانی ئەم داواییانەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی دەریدەخات کە ڕێژیمی ئێران ئاستی پیتاندنی ئورانیۆمی گەیاندووەتە ٤.٥ لەسەد و ڕێژەی ئورانیۆمی پیتێندراوی ئێران ١٠ بەرابری ئاستی دیاریکراوە.

لە دوای چوونە دەروەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام لە ساڵی ٢٠١٨، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئاستی پیتاندنی ئورانیۆمی هەنگاو بە هەنگاو هەتا ئاستی ٤.٥ بەرز کردووەتەوە کە بەردەوام لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە ڕێککەوتنی بەرجام هۆشداریی پێ دراوە.

هەروەها دوای کوژرانی ''موحسێن فەخریزادە'' یەکێک لە کەسانی پلەبەرزی بەرنامەی ناوکی و بەرپرسی ڕێکخراوی توێژینەوە و داهێنەری وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێران، مەجلیسی ڕێژیم دەنگی بە تەرحی سنوورداریەتیی پشکنین و پەرەپێدانی ڕێژەی پیتاندنی ئورانیۆم دا.