کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ئامادیی خۆی بۆ سازکردنی خانووبەرە لە سووریە دەربڕی

16:57 - 4 خەرمانان 2720

جێگری وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی کە ئێران لە قۆناغی نۆژەنکردنەوەی سووریەیە و بە پشتبەستن بە ئیمکانات و تێکنۆلۆژیی نوێ و بە لانیزۆری خێرایی و کەمترین تێچوو ئامادەی هاوکاری لەگەڵ ئەو وڵاتەیە.

''ئیبراهیم مەحموودزادە'' جێگری وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران و بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، لە دیدار لەگەڵ ''سۆهەیل عەبدوللـەتیف'' وەزیری خزمەتگوزاریی گشتی و خانووبەرەی سووریە، لەسەر گەشەی ئاوەدانی و دروستکردنی خانووبەرە لەو وڵاتە جەختی کردەوە.

هەواڵدەریی ''ئیرنا'' سەر بە ڕێژیم بڵاوی کردووەتەوە، دوو لایەن لەم دیدارەدا لەسەر حوزووری ئێران بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ دابینکردنی کۆمەڵایەتی و خانووبەرە بۆ لاوەکانی سووریە و تەرحەکانی گەشەی ئاوەدانی جەختیان کردووەتەوە.

''عەبدوللـەتیف'' باسی لەوە کردووە کە بەڕێوەبردنی ئەم پرۆژەیە، ٨ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون و سەرمایەگوزاری لە خانووبەرە لەخۆ دەگرێت.

ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدا لە ڕێگەی سپای پاسدارانەوە ئەو پرۆژانەی بەدەستەوە گرتووە کە خەڵکی ئێران لەوپەڕی چارەڕەشیدا ژیان بەسەر دەبەن و هەژاری، گرانی و بێکاری و...هتد لە سایەی دەسەڵاتداریی ڕێژیمەوە بەرۆکی خەڵکی گرتووە.

پێشتریش ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی گرێبەستێکی ئابووریی درێژخایەن لەگەڵ ڕێژیمی سووریە، بڕیاری دا لانیکەم ٣٠ هەزار خانووی ڕووخاو بەهۆی شەڕی سووریە نۆژەن بکاتەوە، هەروەها چەندین پرۆژەی ئاو و گەیاندنی کارەبا لەو وڵاتە بە دەستی ڕێژیمی ئێرانە.

سپای پاسداران سەرەڕای دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ ڕێژیمی ئەسەد و پاڵپشتیی دارایی، پرۆژە ئاوادانییەکانی ئەو وڵاتەشی بەدەستەوە گرتووە و بودجەیەکی تایبەتی لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ دابین کراوە، هەتاکوو لە سووریە و وڵاتانی ناوچەکەدا چالاکیی تێرۆریستی بکات.