کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ئامادەیی خۆی بۆ دووبارە نووژنکردنەوەی سووریە ڕاگەیاند

18:43 - 5 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: وەزیری بەرگری ڕێژیمی ئێران لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ئامادەی ڕێژیمی ئێرانی بۆ نووژنکردنەوەی سووریە ڕاگەیاند.

"ئەمیر حاتەمی"، وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران ، سەفەرێکییدا بۆ دیمەشق پایتەختی سووریە،  ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٤ی خەرمانان لە پرێسکۆنفڕانسێکی هاوبەش لەگەڵ "عەلی عەبدوڵڵا ئەیووب"، وەزیری بەرگریی سووریە، سەرەڕای دەبڕینی ئامادەیی ڕێژیم بۆ دووبارە نووژنکردنەوەی سووریە  وتی: "ئیزن بە هیچ وڵاتێک نادەین کە دەستێوەردان لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێمە و سووریەدا بکات".

وەزیری بەرگریی ئێران ئاماژەی بە توانایی باڵای ڕێژیمی ئێران لە نووژنکردنەوەی سووریەدا ڕایگەیاند: "پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریە دەبێتە هۆی سەقامگیری ئەم وڵاتە و ناوچەکە".

لە هەمان ڕاستادا،  ئاژانسی هەواڵدەریی فەڕانسە هەواڵی دیداری وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێرانی  لەگەڵ بەشار ئەسەد بڵاو کردووەتەوە و لەو بارەوە نووسیویانە کە سەرکۆماری سووریە لەم دیدارەدا جەختی لە گرینگی و بایەخی پەیوەندی نێوان ئەم دوو وڵاتە کردووەتەوە".

ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە گەورەترین هاوپەیمانەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەدن لە سووریە و  بوونی هێزە نیزامی و میلیشیاکانی حیزبوڵڵای لوبنان لە سووریە کە لەژێر پشتیوانیی ڕێژیمی تاراندان، لەگەڵ ڕەخنەی توندی ئامریکا ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە  ئیسرائیل لەم دوو ساڵەی دوایدا هەوڵی کردنە دەرەوەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە سووریە بە تایبەتی لەو شوێنانەی کە سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، دەدات.