کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ئامادەیی خۆی بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە دەربڕی

12:59 - 16 گەلاوێژ 2720

"محەممەدجەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئیران لە وتووێژ لەگەڵ وەزیری دەرەوی ئۆکراین بەنیسبەت خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئەو وڵاتە لەلایەن ئێرانەوە، ئاشکرای کردووە کە قەرەبووی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە دەکەنەوە.

"محەممەد جەواد زەریف" لەگەڵ "دمیترۆ کولبا" جەختیان کردووەتەوە هەرچی زووتر بۆ ڕەزامەندیی خەڵکی ئەو دوو وڵاتە و بنەماڵەی قوربانییانی ئەو ڕووداوە هەنگاوی ئەرێنی هەڵبگرین.

وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ئامادەیی ئێرانی بۆ قەرەبووکردنەوەی هەموو زیان بەرکەوتووەکان و قوربانیانی ئەو ڕووداوە دەربڕیوە.

لە دوای کەوتنەوەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە ڕێژیمی ئێران سندووقی ڕەشی ئەو فڕۆکەیەی ڕادەستی هیچ وڵاتێک نەدەکرد.

دوای گوشاری وڵاتانی جیهانی و ناڕەزایەتیی بنەماڵەی قوربانییان ڕێژیمی ئێران ناچار کرا کە سندووقی ڕەشی ئەو فڕۆکەیە ڕادەستی فەرانسە بکات.

 سپای تێرۆریستی پاسداران لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی، فڕۆکەی موسافیربەریی ئۆکراینی کردە ئامانج و ١٧٦ موسافیری لەو ڕووداوەدا گیانیان لەدەست دا و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەو ڕووداوەی وەک هەڵەی مرۆیی ناو لێ برد و لە دانی هەر زانیارییەک لەو بارەوە و دانەوەی سندووقی ڕەشی فڕۆکەکە خۆی بوارد.