کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ئامادەیی خۆی بەبێ هیچ پێشمەرجێک بۆ ئاڵوگۆری زیندانییان لەگەڵ ئامریکا دەربڕی

13:00 - 22 بانەمەڕ 2720

''عەلی ڕەبیعی''، وتەبێژی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بانەمەڕ، وتوویەتی، بەبێ هیچ پێشمەرجێک ئامادەن لەگەڵ ئامریکا ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان بکەن.

ناوبراوە وتوویەتی، ئێمە ڕامانگەیاندووە کە بەبێ هیچ پێشمەرجێک ئامادەیی خۆمان بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییان دەربڕیوە، بەڵام ئامریکا هەتا ئێستا وڵامێکی نەداوەتەوە.

بابەتی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان ئامریکا و ئێران ماوەی ساڵ و نیوێکە چەندین جار هاتووەتە بەر باس، بەڵام "ڕەبیعی" باسی لە وردەکارییەکانی ئەو ئیدعایەی خۆی نەکردووە.

لە کاردانەوە بەو قسانەی وتەبێژی ڕێژیمی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا داوای کردووە کە ڕێژیمی ئێران لەم بارەوە جیددییەت نیشان بدات و شارۆمەندانی ئامریکایی کە لە ئێران زیندانی کراون ئازاد بکرێن.

لە ئێران ژمارەیەک لە شارۆمەندانی ئامریکایی یان ئەو کەسانەی کە ناسنامەی دوو ڕەگەزییان هەیە، بە تۆمەتی سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دوژمن زیندانی کراون و لە ئامریکاش چەندین کەسی ئێرانی بە تۆمەتی دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی ئامریکا لە زینداندان.