کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا دەشارێتەوە

11:22 - 14 رەشەمه 2719

بەپێی دانپێدانانەکانی هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم و دەرکەوتنی هەندێک نامەی نهێنیی ڕێژیم، سەرەڕای شاردنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەنانەت ئامارێکی ڕاستەقینە سەبارەت بە تووشبووان و قوربانییانی ئەو ڤایرۆسە بڵاو ناکاتەوە.

بەپێی نامەیەک کە وەزارەتی تەندروستی و دەرمانی ڕێژیم، ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی ڕەشەمە، بۆ "حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێرانی ناردووە، بەهۆی پێشگرتن بە ڕاگەیاندنی هەڕەشەی بڵاو بوونەوەی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا لەلایەن ڕێبەریی ڕێژیمەوە، لە ئێستادا ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو وڵاتە تووشی ئەو ڤایرۆسە بوونە و لە کۆنترۆڵی ڕێژیم چووەتە دەرەوە.

لەو نامەیەدا هاتووە، تا ئەو ڕێکەوتە، زیاتر لە ١ ملیۆن ٣٤٨ هەزار کەس بەو ڤایرۆسەوە تووش بوونە و هەروەها ٣١٦٤ کەس گیانیان لەدەست داوە کە ٥٣٧ کەسیان واتە ١٧ لەسەدیان منداڵان و مێرمنداڵانی ژێر ١٢ ساڵن.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم باسی لە تووشبوونی ٢ هەزار و ٣٣٦ کەس بەو ڤایرۆسە و گیانلەدەستدانی تەنیا ٧٧ کەس کردووە کە زۆر دوورە لەو ئامارەی کە لە نامەکەی وەزارەتی تەندروستیدا باسی لێ کراوە.

لە ئێستادا بەرپرسانی ڕێژیم بە ئاشکرا دان دەنێن بە درۆکانیان لەگەڵ خەڵکدا و خۆیان باس لە ناڕاستبوونی ئامارەکانیان دەکەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، "مەسعوود پزشکییان"، جێگری سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاستەقینە نییە و نەخۆشخانەکان جێگایان نەماوە.

ناوبراو زیادی کردووە: "لە ئێستادا نەخۆشخانەکان بۆ نەخۆشەکان جێگای نەماوە؛ ڕۆژ بە ڕۆژیش خراپتر دەبێت، بەڕای من ئابووری و هەموو شتێکی وڵاتەکە تێک دەدات، مەگەر ئەوەی کە بە شێوەی جیددی و نیزامی لەگەڵی بەرەوڕوو بین، شۆخیهەڵگر نییە".

لە حاڵێکدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا بڵاو دەبووەوە و خەڵک لەگەڵ هەڕەشەی تووشبون بەرەوڕوو بوون، ڕێژیمی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی شانۆی هەڵبژاردنەکان، نکۆڵیی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ئێراندا دەکرد.