کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ئاماری کوژراوەکانی خەزەڵوەڕ بڵاو ناکاتەوە

13:27 - 27 گەلاوێژ 2720

دوای تێپەڕێنی نزیک بە ١٠ مانگ لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر، هەتا ئێستا ڕێژیمی ئێران ئاماری قوربانییانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری بڵاو نەکردووەتەوە.

"حیسامەدین ئاشنا" ڕاوێژکاری "حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "سەرکۆماری ئێران هەتا ئێستا ڕاپۆرتێکی ڕوونی لە ئاماری کوژراوانی خەزەڵوەر بە دەست نەگەیشتووە".

 ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران لەبارەی ئامارەکانی خەزەڵوەڕ وتوویەتی: "هێزی ئینتزامی شتێک دەڵێت، وەزارەتی وڵات شتێک و وەزارەتی تەندروستیش شتێک".

لەو پێوەندییەدا، ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕی ئەمساڵ ''عەبدوڵڕەزا ڕحمانیی فەزڵی'' وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران لە مەجلیسدا بەنیسبەت خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ باسی لەوە کردبوو، هیچ کەس بەوە ڕازی نییە کە دڵۆپێک خوێن لە لووتی کەسێک بێت، بەڵام ئەم ڕووداوانە دەگەڕێتەوە سەر هۆکاری تایبەت کە ئێرە جێگای باس لێکردنی نییە.

لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ سەدان کەس بە دەستی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران کوژران.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتی خۆیدا بەنیسبەت ئاماری کوژراوانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، ئاماژە بە کوژرانی ١٥٠٠ خۆپیشاندەر کردبوو کە لەو ئامارە ١٣٠ کەسیان خەڵکی شاری "ماهشەهر"ی خووزستانن کە بە شێوەی ڕاستەخۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە درابوونە بەر دەسڕێژ.

دوای تێپەڕینی نزیک بە ١٠مانگ لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ هەتا ئیستا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەم بارەوە نەداوە و تەنیا جارێک ''موجتەبا زولنووری'' بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم وتبووی کە لەم خۆپیشاندانەدا ٢٣٠ کەس کوژراون.