
کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و کاربەدەستەکانی، هیچ باوەڕێکیان بە چارەسەریی پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا نییە و لەم بارەیەشەوە ڕاست ناکەن.
"محەممەد جەواد زەریف"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەفەرێکدا کە بۆ نۆروێژ کردوویەتی، لەبارەی دانوستان لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: ''سفرەی ئێمە بۆ دانوستان کراوەیە، بەڵام نەک لەگەڵ لایەنێک دواتر لەژێر بەڵێنییەکانیان بدەن".
ناوبراو هەروەها زیادی کردووە: ''ئێمە دەستمان بۆ وتووێژ و هاوکاری ئاوەڵایە و کوردەکان دۆستی ئێمەن".
ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم باسی لەوەش کردووە: "ئەو لایەنە کوردانەی کە چالاکیی چەکداری دەکەن دەبێ بزانن کە ئەو جۆرە حەرەکەتە بە ئاکامێک ناگات و ئەوەش خزمەتێک بە خەڵکی کوردستان ناکات".
ناوبراو هەروەها باسی تێرۆریزمی کردووە کە ئێمە دژی تێرۆریزم کار دەکەین و شیعە و سوننە و کورد و فارس بۆ ئێمە جیاوازیی نییە.
قسەکانی "محەممەد جەواد زەریف" لە کاتێکدایە کە کورد بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەمیشە باوەڕی بە دیالۆگ و دانوستان هەبووە و نرخی قورسیشی لەو پێناوەدا داوە. هاوکات ئەوە خودی ڕێژیمی ئێران بووە کە کورد بە دوژمنی خۆی دەبینێت و لە دانوستانەکاندا نییەتی خراپی هەبووە.