کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بنکەی هەڵبژاردنەکانی ئامریکای کردە ئامانجی هێرشی سایبێری

12:25 - 21 خەرمانان 2720

سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی پێشووتری ئامریکا بەنیسبەت دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕووسیە و چین لە کاروبارەکانی ئەو وڵاتەدا، شیرکەتی "مایکرۆسافت" باسی لە هێرشی سایبێریی ڕێژیمی ئێران کردووە بۆ سەر کەسایەتی و بنکەکانی هەڵبژاردن لەو وڵاتە.

"تام بێرت" جێگری سەرۆکی "مایکرۆسافت"، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە ماڵپەڕی ئەو شیرکەتەدا باسی لەوە کردووە چالاکیی هەکێرە ئێرانییەکان نیشان دەدات هەوڵەکان بۆ دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠ لە ئامریکا زیاتر پەرەی گرتووە.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە هەکێرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە مانگی ژووئەن و مەیدا چەندین هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی هەڵبژاردن لە ئامریکا کە لەلایەن هەکێرەکانی ئامریکاوە بەرپرچ دراونەتەوە.

"تام بێرت" هەروەها باسی لەوەش کردووە پێشتریش ڕووسیە و چین چەندین جار هەوڵیان داوە هێرشی سایبێری بۆ سەر ئامریکا بکەن.

ڕێژیمی ئێران هاوکات لەگەڵ هاتنەسەر کاری "دانڵد ترامپ" و هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام توندترین گەمارۆکانی خرایە سەر، بۆیە ڕێژیمی ئێران هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات دەستێوەردان بکات لە هەڵبژرادنەکانی ئامریکادا.