کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بنەماڵەی پێشمەرگەکان بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان دەکات

12:45 - 28 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدی:  گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان، بۆ سەر بنەماڵەی پێشمەرگەکان درێژەی هەیە.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا بڵاوی کردەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، ژمارەیەک لە بنەماڵەی  پێشمەرگەکانی لە شاری مەهاباددا، بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کردوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە باسی لەوە کرد: "ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، سەرەڕای بانگهێشتکردنی بنەماڵەی پێشمەرگەکان لە شاری مەهاباددا بەڵێننامەیان لێ وەرگرتوون، کە نابێت بە هیچ شێوەیەک سەردانی کوڕەکانیان بکەن".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها باس لەوەش دەکات: "ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بەو بنەماڵانەی ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری هەر جۆرە سەردان، پارە یان ناردنی شتومەک بۆ کوڕەکانتان، لەگەڵ کێشەی قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە".

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا باسی لەوە کرد: "پێش ڕۆیشتنی ئەو بنەماڵانە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، ئەو بنەماڵانە بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادیان ڕاگەیاندووە، ئێمە سەر بە حەوزەی مەهابادین، چ پەیوەندییەکمان بە ورمێیەوە هەیە، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد ڕاگەیاندووە، ئیتلاعات پارێزگای ورمێ، لە سەرەوەی ئێمەیە و دەسەڵاتمان بە سەر ئەواندا نییە".

پاش هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا، بنەماڵەی پێشمەرگەکان و چالاکانی سیاسی دژبەری ئەو ڕێژیمە لە کوردستان، لە ژێر گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئیتلاعاتییەکاندان و ساڵانە چەندین کەڕەت ئەو بنەماڵانە بانگهێشت دەکرێن.