کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی کۆرۆنا باس لە هاوکاریی جیهانی دەکات

12:36 - 12 رەشەمه 2719

"عەباس مووسەوی"، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، بە هەموو هێز و تواناوە بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کار دەکەین.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وتوویەتی، بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا دەبێ هاوکارییەکی جیهانی هەبێت.

نابراو باسی لەوەش کردووە، سەرجەم ناوەند و دامەزراوەکانی نێوخۆ هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی کۆرۆنا خستووەتە گەڕ.

لە ماوەی ڕابردوودا ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی بۆ هاوکاریکردنی ئێران ئامادەیی خۆی بۆ ناردنی تیمێکی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ئێراندا دەربڕی بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم بە ساردی ئەو داواکارییەیان وڵام دایەوە.

ئامریکا بە هەمان شێوە، ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریی ڕێژیمی ئێران پیشان دا، بەڵام ئەو داواکارییە بە نییەتێکی خراپ لەلایەن ڕێژیمەوە لە قەڵەم درا.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا لە وڵاتی چین، ڕێژیمی ئێران گەشتەکانی خۆی بۆ ئەو وڵاتە ڕانەگرت و تەنانەت لە ئیستانبوڵی تورکیەوە موسافیرانی چینی دەگوازتەوە.

لە ئێستاشدا ئەگەرچی ئێران دوای چین دووهەمین وڵات لە بواری نەخۆشیی کۆرۆنایە، بەڵام ئامارێکی ڕاست لەمبارەیەوە بڵاو ناکاتەوە.