کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ بەهێزکردنی تێرۆریزم، دزی لە خەڵک دەکات

11:50 - 26 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران و بەرپرسەکانی ئەم ڕێژیمە بۆ پشتیوانی و بەهێزکردنی تێرۆریزم، بە میلیاردها دۆلار لە خەڵکی ئێران دزی دەکەن.

نیتن ئێی سیڵز، باڵوێزی تایبەتی هاوئاهەنگکەری دژە تێرۆریزمی وڵاتی ئامریکا، لە ڕۆژی ١٣ی نوامبردا، لە واشنگتۆن باسی لەوە کردووە، کە ڕێژیمی ئێران گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهانە.

ناوبراو هەروەها وتیشی: سەرەڕای شپرزەیی دۆخی ئابووری کە زۆربەی خەڵکی تووشی هەژاری کردووە، ڕێژیمی ئێران سفرەی بەخشینی نادروستی ڕاخستووە، که حێزبوڵلای لوبنان، حەماس و حوسییەکان لە لوبنان و یەمەن کەڵکی لێ وەردەگرن. 

بەپێی ڕاپۆرتی بڵاوکراوی باڵوێزخانەی مەجازیی ئامریکا لە ئێران، سیڵز لەم پێوەندییەدا بە ئامارەوە ڕایگەیاندووە و وتوویەتی: ڕێژیمی ئێران هەموو ساڵێک ٧٠٠ میلیۆن دۆلار دەداتە حیزبوڵڵای لوبنان و ١٠٠ میلیۆن دۆلاری دیکەش بۆ گرووپە تێرۆریستییەکانی دیکە تەرخان دەکات. کۆکردنەوەی ئەم یارمەتییە ماڵییانە بۆ تێرۆریستەکان دەکاتە نزیک بە یەک میلیارد دۆلار، کە قورسایی ئەم تێچووانە لەسەر شانی خەڵکی ئێرانە.

سیڵز هەروەها ڕایگەیاندووە، ئەو سەرچاوانەی کە ڕێژیمی ئێران بۆ دابینکردنی تێچووی کاروباری تێرۆریستی کەڵکیان لێ وەردەگرێت، ڕاستەوخۆ لە گیرفانی خەڵکی ئێران هەڵی دەگرێت و دزی لە شارۆمەندانی خۆی دەکات تا بتوانێ لە دەرەوە پەرە بە کردەوە تێرۆریستییەکان بدات.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانی باسی لەوە کردووە، ڕێژیمی ئێرانی سەرەڕای دۆخی شپرزەی ئابووری، سەرەتییەکی تایبەتی بە کڕینی چەکوچۆڵ و تەقەمەنی بۆ کاری تێرۆریستیی لە دەرەوەی وڵات و هەروەها بەفیڕۆدانی سامانی خەڵک لە ڕێگەی ناسەقامگیرکردنی جیهان زانیوە.

سێڵز داوای لە کۆمپانیا و دامەزراوەکان کردووە، که ڕۆڵی بەرپرسانە بگێڕن، چونکه بازرگانیکردنی ئەوان لەگەڵ ئێران، ڕاستەوخۆ یارمەتیدانی ڕێژیمی ئێران بۆ درێژەدان به کردەوەی تێرۆریستییە؛ کە ئەم ڕەوتە دەبێ پێشی پێ بگیردرێت.