کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ جاری دووەم تاقیکاری هەڵدانی مووشەکی هەڵگری مانگی دەسکردی "زولجەناحـ"ـی ئەنجام دا.

17:29 - 6 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٥ـی پووشپەڕی ١٤٠١"ئەحمەد حوسێنی" وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕێژیمی ئێران، هەواڵی دووەمین تاقیکاری هەڵدانی مووشەکی هەڵگری مانگی دەسکردی، بڵاو کردەوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، باسی لەوەش كرد ئەو مانگە دەسكردە، دوو قۆناخ لە پێش داخزانی  بەستووو یەک قۆناخیش لە پێش داخزانی  "تراو"ەوە بووە.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم هەروەها باسی لەوەش کردووە  کە قۆناخی سێهەمی گەشەی ئەو مانگە دەسکردە بە بەکارهێنانی زانیاری لەسەر ئەو هەڵدانە دەستی پێ کردووە.

مووشەکی هەڵگری مانگی دەسکردی "زولجەناح" یەک حەوتوو دوای ڕێککەوتنی ڕێژیمی ئێران و "جوزپ بورێل"، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتنەکانی ناوکی، هەڵدراوە.

بەرپرسانی ڕێژیم  پێشترباسیان لە چەندین تاقیکاری بۆ هەڵدانی ئەو مووشەکە کردبوو.

بەرنامەی مانگی دەسکردی ڕێژیمی ئێران، سەرەڕای بەڕێکردنی چەند مانگی دەسکرد بۆ فەزا لە ماوەیەکی کورت و بەڕێکردنی مەیموون بە مووشەک لە ڕەزبەری  ساڵی ٩٢ لەگەڵ کێشەی زۆر بەرەوڕوو بووەوە. هەروەها لە ساڵەکانی ڕابردوودا پێنج جارهەڵدانی هەڵگری مانگی دەستکردی سیمورغ تووشی شکست ببوو و زستانی ساڵی ٩٨ـیش تەقینەوەیەک لە وێستگەی هەڵدانی مووشەکی "خومەینی" ڕووی دا کە بووە هۆی کوژرانی سێ لێکۆڵەر.