کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ دانیشتنی بانکی جیهانی و سندووقی نێونەتەوەیی بانگهێشت نەکرا

18:59 - 3 خاکەلێوه 2720

بانکی جیهانی کە دانیشتنێکی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا پێک هێنابوو، ئێرانی بۆ ئەو دانیشتنە بانگهێشت نەکرد.

بانکی جیهانی و سندووقی نێونەتەوەیی پارە، ٣ ڕۆژ پێش دانیشتنێکی بە شێوەی پاڵتاکی بە ئامادەبوونی وڵاتانی ناوچەی مەنا کە دەکاتە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا، بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا و یارمەتی بە وڵاتانی کۆرۆنالێدراو بەڕێوە برد کە لەو دانیشتنەدا ڕێژیمی ئێران بانگهێشت نەکرا.

لەو دانیشتنەدا لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی بەرگری لەو ڤایرۆسە بە ئامادەبوونی وەزیرانی ئابووریی وڵاتان باس کرا و سەبارەت بە ڕێگاچارەکانی پاراستنی خەڵک و وڵاتەکان لە زیانە ئابوورییەکانی کۆرۆنا دانیشتن کرا و ئەو دوو ناوەندە جیهانییە بەڵێنیی پشتگیریکردنی زیاتر لەو وڵاتانەیان دا.

"حسێن میرشوجاعییان"، نوێنەری ڕێژیمی ئێران لە سندووقی نیونەتەوەیی پارە ڕایگەیاندووە: "بانگهێشت نەکردنی ئێران لە حاڵێکدایە کە سەرەڕای داخوازیی بەردەوامی ئێران لە سندووقی نێونەتەوەیی پارە بۆ پێدانی یارمەتیی ٥ میلیارد دۆلاری، تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەک بەرانبەر بەو داوایەی ئێران نەبیندراوە".

ماوەیەک پێش ئێستا ڕێژیمی ئێران، بەشێوەی فەرمی داوای ٥ میلیارد دۆلار یارمەتیی لە بانکی جیهانیی پارە کردبوو بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا.