کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ دڵخۆشکردنی خەڵک، وادە و بەڵێنیی درۆیان پێ دەدات

12:59 - 21 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: لە دۆخێکدا کە زۆربەی بەشەکانی ئابووریی ئێران تووشی قەیران بووە، "حەسەن ڕووحانی" و کابینەکەی بە دانی ئامارگەلێکی درۆ دەیانەوێت دۆخی نالەباری ئێران لە بەرچاوی خەڵک باش بنوێنن.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران باس لە دەیان و سەدان پرۆژە لە بواری ئاوەدانی، پێکهێنانی هەلی کار و گەشەی بەرهەمهێنان لەم دۆخەدا کە گەمارۆیەکی قورسیان لەسەرە، دەکەن.

لە پەراوێزی سەردانی یەک ڕۆژەی "حەسەن ڕووحانی" بۆ پارێزگای یەزد، ئیدەعای ئەوە دەکرێت کە ٦٥٩ پرۆژەی ئابووری و ژێرخانی لەم پارێزگایەدا کراوەتەوە و هەوڵی بەڕێوەبەرییان دەستی پێکردووە.

هەر چەند هەندێک لە میدیاکان چەند پرۆژەیەکیان لەم سەدان پرۆژەیە ناو بردووە، بەڵام دیار نییە ئەم هەموو پرۆژەیە لە چ بوارێکدان و چۆن دەتوانرێت ئەنجامدان و کارامەبوونی ئەم پرۆژەیانە دوای قولینگ لێدانیان، پێداچوونەوەیان بەسەردا بکرێت.

ئیدەعاکانی کاربەدستانی ڕێژیمی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی سەدان پرۆژەی ئابووری، تەنیا شانۆیەکە بۆ ئەوەی کە خەڵک دڵخۆش بکەن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕووی ناچاری و دەستەوەستانی بە دانی وادەی درۆ و بێ بنەما، چەندین ساڵە لە هەوڵی ئەوەدایە کە خەڵک فریو بدات.

پاش تێپەڕبوونی ٢ ساڵ بەسەر بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان و ٧ مانگ بەسەر لافاوە سەرتاسەرییەکەی ئێراندا، تاکوو ئێستا هیچ کام لە وادە و بەڵێنەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ قەرەبووکردنەوەی خەسارەکان جێبەجێ نەکراون.