کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ دەنگدان و هەڵبژاردنەکان یارانەی بە خەڵک دا

17:47 - 17 رێبەندان 2719

لە بەرەبەری شانۆی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی یازدەهەمی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ئابووریناسێک وتوویەتی، دەوڵەت بە یارانە ئامانجی هەڵبژاردنەکانی پێکا هەتا خەڵک بێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

"ئیبراهیم ڕەزاقی" وتوویەتی، دەردی بنەماڵەیەکی ٤ـ٥ کەسی بە یارانەی مانگانە ٢٠٠ هەزار تمەن، دەرمان ناکرێت.

ناوبراو وتوویەتی، بنەماڵەکان پیشە و کاریان دەوێت نە یارانەی ٢٠٠ هەزار تمەنی. هۆکاری هەژاری لە ئێراندا بۆ کاربەدەستەکان دەگەڕێتەوە نە هۆکاری دەرەکی.

ئەو ئابووریناسە باسی لەوە کردووە، بەرپرسانی باڵای دەسەڵات وەک سەرکۆمار و هەتا دوایی، بەو ئاکامە گەیشتوون کە بەرهەمهێنەر نین و ناشتوانن پشتیوانی لە بەرهەمهێنان بکەن، بۆیە پەنا بۆ یارانە دەبەن.

ئەو ئابووریناسە باس لەوە دەکات، کارەکانی کاربەدەستانی دەسەڵات بۆ کۆکردنەوەی دەنگە و دەیانهەوێت بە خەڵک بڵێن کە ئێمە لە بیری ئێوەداین.

هەڵبژاردنەکانی ئەو خولەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە دۆخێکدا بەڕێوە دەچێت کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران زیاتر لە هەموو کات بۆی دەرکەوتووە کە خەڵک باوەڕی بەو ڕێژیمە نییە و بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن.