کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ سەدەکانی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە

18:56 - 22 بانەمەڕ 2720

ڕێژیمی ئێران لە بڕیارێکی نوێدا کە بووەتە هۆی پێشێلبوونی زیاتری مافە ئینسانییەکانی ژنان لەو وڵاتەدا ڕەزامەندیی هاوسەرەکانیانی بۆ دەرچوون لە تاقیکاریی بەردەستیی ددانپزیشکی ئیجباری کردووەتەوە.

ڕێژیمی ئێران لە ئەمساڵەوە وەرگرتنی ڕەزامەندیی هاوسەرەکانی ئەو ژنە خێزاندارانەی کە دەیانهەوێت لە تاقیکاریی بەردەستیی بوارە تایبەتییەکانی ددانپزیشکی بەشداری بکەن، کردووەتە زۆرەملێ و بەڵێننامەیەکیشی لە ڕێنوێنیی ئەو تاقیکارییە داناوە.

بەپێی ئەو بەڵیننامەیە پیاو ڕەزامەندی دەردەبڕێت کە هاوسەرەکەی پاش کۆتاییهاتنی دەورەی فێرکارییەکەی، لە هەر شوێنێکدا کە وەزارەتی تەندروستی بۆی دیاری کردووە، کار بکات.

ئەو بەڵێنییە و زۆرەملێ بوونەوەی وەرگرتنی ڕەزامەندیی هاوسەر سەرەڕای دروستکردنی کێشە و بەربەست بۆ ئەو ژنانەی کە خوازیاری ئەو بوارەن، وەبیرهێنەرەوەی نابەرابەریی ڕەگەزی لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیدایە.

"شیما قووشە"، پارێزەری دادگوستەری و چالاکی بواری ژنان وتوویەتی: "کاتێک ژن ئەرکدار بە گوێڕایەڵی لە هەر بابەتێکدا لە هاوسەرەکەی بێت و تەواوی ژیانی لەژێر چاوەدێری و ڕەزامەندی و ئیزنی ئەودا بێت، دەبێ چاوەڕوانیی ئاوا بابەتگەلێکمان هەبێت".

ڕێژیمی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر ئازادیی تاکەکەسی و مافە ئینسانییەکانی ژنان بەرتەسک و پێشیل دەکات و لە سەربەخۆیی بڕیاردان بێبەشیان دەکات.