کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ شەڕ کەڵک لە منداڵان وەردەگرێت

10:55 - 27 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە نیسبەت کەڵکوەرگرتنی ڕێژیمی ئێران لە منداڵان بۆ شەڕ هۆشداری دا.

"نیکی هێلی" نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی، لە دانیشتنی شۆڕای ئەمنییەت لەبارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا باسی لەوە کرد کە ڕێکخراوی سپای پاسداران لە قوتابیان بۆ بەرەکانی شەڕ کەڵک وەردەگرێت و ڕەوانەی ناوچەکەیان دەکات.

ناوبراو گوتیشی، سپای پاسداران جیا لە سەرکوتی ناڕازییان لە نێوخۆی وڵات، مەشق و ڕاهێنانی نیزامی بە هێزە بەسیجییەکان دەکات.

ماڵپەڕی "گزارش جنگ" ماوەیەک پێش بڵاوی کردبووە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی دەستێوەردانەکانی خۆی لە سووریەدا و پشتیوانیی ماڵی و نیزامی، منداڵانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ بۆ شەڕی ئەو وڵاتە ڕەوانە دەکات.

ڕێژیمی ئێران ئەو منداڵانە لەژێر ناوی تیپی فاتمیوون بۆ سووریه دەنێرت.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە ڕێژیمی ئەسەد دەکات و لەو پێوەندییەش‌دا لە هەر کردەوەیەکی تێرۆریستی کەڵک وەردەگرێت.

ڕێژیمی ئێران ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی، کۆنوانسیۆنی مافی منداڵانی واژۆ کردووە کە دەبێ مافی منداڵانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ ڕەچاو بگرێت و لە منداڵان بۆ شەڕ کەڵک وەرنەگرێت.

ئەو لە کاتێک دایە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە سەر ناردنی منداڵان بۆ شەڕ و فێرکردنی شەڕی نیزامیی پێداگری دەکەن و ڕەچاوکردنی یاسای مافی منداڵانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵیان وەک مەترسییەک بۆ سەر ئێران وەسف دەکەن.

هەروەها لە بارەی "بسیج دانش آموزی" پێداگریان کردەوە کە دەبێ ئەو بەرنامەیە لە سیستمی پەروەردە و فێرکردنی ڕێژیم‌دا بە مەبەستی پاراستنی"نیزام" هەبێت.

ڕێژیمی ئێران لە پێناو پێکهێنانی بەستێنی بەناو یاسامەندی چالاکیی دامەزراوەکانی بەسیج و سپا، مەجلیسی ڕێژیم لە ساڵی ١٣٧٥ هەتاوی، گەڵاڵەی پێکهاتن و پەرەپێدانی بەسیجی پەسند کرد تاکوو نەریتی کەڵکئاژۆ وەرگرتن لە منداڵان زیاتر لەجاران سیستماتیک بکرێت و ئەمەش لەکاتێکدا بوو کە ڕێژیمی ئیسلامی دوو ساڵ پێشتری کۆنوانسیۆنی مافی منداڵانی قبووڵ کردبوو؛ بەڵام ئەو قبووڵ کردنە مەرجدار بوو. کۆماری ئیسلامی لە دەقی کۆنوانسیۆنەکە بە قازانجی دەزگای ئایدۆلۆژی خۆی کەڵکی وەرگرتووە و لە مەرجەکانیدا، دزەڕێیەک دەهێڵێتەوە.