کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی بودجه داوای وامی لە سندووقی نێونەتەوەیی دراو کردووە

10:26 - 25 رەشەمه 2719

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران باسیان لەوە کردووە، دەوڵەت بە وەرگرتنی وامی ٥ میلیارد دۆلاری دەیهەوێت کەمیی بودجەی خۆی قەرەبوو بکاتەوە، چونکە وڵاتانی بیانی هاوکاریی خۆیان بۆ قەیرانی کۆرۆنا لە ئێران دەربڕیوە.

کارناسانی ئابووریی ئێران ئاشکرایان کردووە، وا وێدەچێت ئەگەر وامی ٥ میلیارد دۆلاریی سندووقی نێونەتەوەیی دراو بە ئێران بدرێت، سەرەڕای ئەوەیکە سەرچاوەی ماڵیی بۆ قەیرانی کۆرۆنا دەست دەکەوێت، بەشێکی ئەو پارەیەش بۆ کەمیی بودجە تەرخان دەکرێت.

لە بەرنامەی تێچوو و داهاتی ساڵی داهاتوو، تەنیا ٤٨ میلیارد تمەن بە داهاتی نەوت تەرخان کراوە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩٨ی هەتاوی، ٦٨ لەسەد دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

ئەو کەسریی بودجەیە بە مانای لەدەستدانی بەشێکی گەورەی داهاتی دەوڵەتە.

بەپێی لێکۆڵێنەوەکان، دەوڵەت لە باشترین دۆخدا دەتوانێت ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی بفرۆشێت، بۆیە دەسەڵات بە وەرگرتنی وام لە سندووقی نێونەتەویی دراو هەم پێش بە کۆرۆنا بگرێت و هەمیش کەسریی بودجەی قەرەبوو بکاتەوە.

"محەممەد جەواد زەریف"، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەشەمە، له پەیامێکی تویتێریدا بڵاوی کردەوە، تاران داوای ٥ میلیارد دۆلار پارەی لە سندووقی نیونەتەوەیی دراو وەکوو یارمەتیی ئاوارتە لەو ناوەند نێونەتەوەییە کردووە.

چاودێرانی سیاسی بەنیبسەت ئەو داواکارییەی ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکەن، ئەو داواکارییە بۆ خۆدەرهاویشتنی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە قەیرانی کۆرۆنایە، هەروەها هیچ دیار نییە ئایا ئەو پارەیەی کە بە ئێران دەدرێت بۆ گرووپە تێرۆریستییەکان خەرج نەکرێت.