کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی بودجە دەبێ دراو چاپ بکات

11:58 - 22 بانەمەڕ 2720

کەسریی بودجە و قەیرانی ئابووری لە ئێران بووەتە هۆی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران هەموو ڕێگایەک بۆ قەرەبووکردنەوەی بودجە بگرێتە بەر.

کارناسانی ئابووری باس لەوە دەکەن، هەڵاوسان لە ئەمساڵدا لانیکەم ٣٥ هەتا ٤٠ لەسەد دەبێت و "حەسەن ڕووحانی" باس لەوە دەکات کە گەشەی ئابووریی وڵات بەرز بووەتەوە.

هاوکات کارناسانی ئابووری باسیان لەوە کردووە، کەسریی بودجە دەبێتە هۆی ئەوەیکە دەسەڵات دراو چاپ بکات و ئەوەش خۆی دەبێتە هۆی هەڵاوسان و گرانی لە بازاڕدا.

هاوکات چاپی دراو خۆی تێچوویەکی زۆر لەسەر شانی خەڵک دادەنێت کە ئەوەش گوشاری زیاتر دەخاتە سەر چینی هەژاری ئێران.

ڕێژیمی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانی ئابووری لە بڕیارێکدا چوار سیفری لە دراوی ئێران سڕییەوە و یەکەی ئەو وڵاتە لە ڕیاڵەوە کرا بە تمەن.

ڕێژیمی ئێران بەهۆی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکاوە ناتوانێت نەوتی خۆی بفرۆشێت، ئەوەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی ئابووریی ئێران داناوە.

"عەلی دینی تورکمانی"، ئەندامێکی هەیئەتی زانستیی دامەزراوەی لێکۆڵێنەوە بازرگانییەکانی ڕێژیم وتوویەتی، ئابووریی ئێران ئەمساڵ خراپترین دۆخی خۆی ئەزموون دەکات و نرخی دۆلاریش بەرز دەبێتەوە.

وڵاتی ئێران پلەی پێنجەمی هەڵاوسانی ئابووریی لە جیهاندا هەیە و بەرپرسانی ڕێژیم، جیا لەوەی کە هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی نادەن، بەڵکوو حاشا لە ئامارەکانیشی دەکەن.