کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ مانەوەی خۆی گرێبەستی ٢٠ ساڵەی لەگەڵ ڕووسیە واژۆ کرد

13:03 - 1 گەلاوێژ 2720

''محەممەد جەواد زەریف'' وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕ، دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ ''سێرگێی لاورۆڤ'' وەزیری دەرەوەی ڕووسیە ڕایگەیاند کە ئێران لە هەوڵی درێژکردنەوەی گرێبەستی ٢٠ ساڵە لەگەڵ ئەو وڵاتەیە.

درێژکردنەوەی گرێبەستی درێژماوە لەگەڵ ڕووسیە لە حاڵێکدا دێتە بەر باس کە پێشنووسی ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵەی نێوان ئێران و چین لە حەوتووەکانی ڕابردوودا کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە کە ڕێژیم لەژێر ناوی ئەم گرێبەسەتەدا وڵاتی ئێرانی بە چین فرۆشتووە.

گرێبەستی هاوکاریی ٢٠ ساڵە، ساڵی ١٣٧٩ لەنێوان ڕێژیمی ئێران و ڕووسیەدا واژۆ کرا و ڕەشەمەی ئەمساڵ کۆتایی پێ دێت.

وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی کە ئێران ئامادەی درێژکردنەوەی ئەم گرێبەستەیە و هەروەها ئەگەر ڕووسیە بۆ گرێبەستێکی درێژخایەنی دیکە ئامادەیی هەبێت، تاوتوێی دەکات.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی ئەم سیاسەتدا بەردەوام لە هەوڵدا بووە کە گرێبەستی درێژماوە لەگەڵ وڵاتانی چین و ڕووسیە واژۆ بکات، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ناکارامەیی  و نەهێنیکارییەکانی ڕێژیم، زۆر کەس لەسەر ئەو باوەڕەن کە ڕێژیمی ئێران بۆ مانەوەی خۆی ئەو وڵاتە ڕادەستی ڕووسیە و چین دەکات.

هەروەها گرینگترین بەشی ئەو گرێبەستە سەرشۆڕکەرانە، ئەویە کە ڕێژیمی ئێران قانی تایبەتی نیزامی و ئەمنییەتی و ئابووری بە چین و ڕووسیە دەدات، کە بە مانای ڕادەستکردنی ئێران بەو دوو وڵاتەیە.