کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ پاش نەمانی گەمارۆکان بەرنامەی داڕشتووە

16:49 - 15 خەرمانان 2720

وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە، بە نەمانی گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵ بە شێوەیەکی تۆختر لە بازاڕی چەکوچۆڵدا حوزوورمان دەبێت.

"ئەمیر حاتەمی" وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ١٥ی خەرمانان، لە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە ڕۆژنامەکانی ڕێژیم وتوویەتی کە پاش نەمانی گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران، دەتوانن لە بواری چەکوچۆڵی بەرگرییەوە، زیاتر هەناردەکار بن.

"حاتەمی" وتوویەتی، لە ماوەی ئەم ساڵانەدا کە گەمارۆی چەکوچۆڵیان لەسەر بووە، تەنیا لە بواری هەناردەکردنی چەکوچۆڵەوە چالاکییەکانیان بەرتەسک بووە.

ئەمە دووەمین جارە کە ڕێژیمی ئێران وەک هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ باس لە هەناردەکردنی چەکوچۆڵ بۆ دەرەوە پاش کۆتاییهاتنی گەمارۆکان دەکات.

بەپێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شورای تەناهی، گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران، ٢٧ی ڕەزبەری ئەمساڵ کۆتایی پێ دێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا جەختی کردووەتەوە کە ئیزن نادات ڕێژیمی ئێران دەست بە کڕین و فرۆشتنی چەکوچۆڵ بکات و بتوانێت چەکی پێشکەوتوو بۆ گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بنێرێت.

ئامریکا ماوەیەک پێش ئێستا هەوڵی دا کە لە ڕێگەی بڕیارنامەیەکی پێشنیارییەوە هەوڵ بۆ دووپاتکردنەوەی گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران بدات، بەڵام ئەو بڕیارنامەیە لەلایەن شورای تەناهی بەتایبەت وڵاتانی ئورووپاییەوە ڕەت کرایەوە.