کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ چارەسەرنەکردنی بەرکەوتووانی کیمیابارانی سەردەشت، ئامریکای بە تاوانبار زانی

14:09 - 8 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئیران، گەمارۆکانی ئامریکای بە پاساوێک بۆ چارەسەرنەکردنی کیمیالێدراوانی شاری سەردەشت، دوای تێپەڕینی ٣٢ ساڵ، ناو برد.

"محەممەدجواد زەریف"، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە پەیامێکدا بە بۆنەی ساڵڕۆژی کیمیابارانی شاری سەردەشت، باسی لەوە کردووە کە گەمارۆکانی ئامریکا کێشەگەلێکی زۆری وەکوو دابینکردنی دەرمان و کەرەستەی پزیشکیی پێویست بۆ چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، دروست کردووە.

ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران دوای ٣٢ سال تێپەڕین بەسەر ئەو کارەساتە، هیچ هەنگاوێکی بۆ چارەسەریی ئەو نەخۆشانە هەڵنەگرتووە و ئێستاش گەمارۆکانی ئامریکا وەکوو بیانوویەک بەکار دەبات.

لە ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاویدا و لە کاتی شەڕی نێوان ڕێژیمەکانی ئێران و عێراقدا، ڕێژیمی بەعسی لەنێوچووی عێراق، شاری سەردەشتی بە چەکی کیمیایی بومباران کرد.

بەپێی ئامارەکان، لەم کیمیابارانکردنەدا کە کاتژمێر ٤:١٥ خولەکی ئێوارە ڕووی دا، ١١٤ کەس شەهید کران و ٨٠٠٠ کەسی تریش ژەهراوی بوون.

 لە دوای تێپەڕینی سێ دەیە بەسەر کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت، هێشتا بریندارانی ئەم کیمیابارانە، وەک پێویست لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە و پەروەندەی تەندروستییان بۆ دروست نەکراوە. لە کۆی ٨٠٠٠ برینداری ئەم کیمیابارانە، نزیکەی تەنیا ٢٥٠٠ کەسیان پەروەندەی دەرمانییان بۆ دروست کراوە.

ڕێژیمی ئێران لەو کاتەوە تا ئێستا، بە دەیان میلیارد دۆلاری لە کاری تێرۆر و ئاژاوەگێڕی و کاری تێکدەرانە لە ناوچە و وڵاتانی دەرەوە بۆ پەرەپێدانی ئایدیۆلۆژییەکەی خەرج کردووە، بەڵام بۆ دەرمانکردنی قوربانییانی ئەم کارەساتە، هیچ هەوڵێکی ئەنجام نەداوە و ئامریکا بە تاوانبار دەزانێت.