کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ کورتهێنانی بودجە دەست بۆ سندووقی گەشەی میللی دەبات

10:27 - 5 رەشەمه 2720

"هادی قەوامی" جێگری وەزیری ئابووریی کابینەی "حەسەن ڕووحانی" وتوویەتی، کورتهێنانی بودجە گەیشتووەتە ٥٠ لەسەد و ئەگەری هەیە لە ٥٠ لەسەدیش زیاتر بێت.

نوێنەرانی ڕێژیم لە مەجلیس ئیزنیان بە دەسەڵات داوە، ئەگەر ڕێژەی فرۆشتنی نەوت زۆر کەمتر لە ئاستی خۆی بوو، دەسەڵات دەتوانێت لە "سندووقی گەشەی میللی" پارە هەڵبگرێت.

"قەوامی" کورتهێنانی بودجەی خستووەتە ئەستۆی مەجلیس. کورتهێنانی بودجە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووەکان و ئەوەش هەڵاوسانی لێ دەکەوێتەوە.

ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران پێشبینیی ئەوەی کردووە کە لە بودجەی ساڵی داهاتوو دەوڵەت لەگەڵ ٣٢٠ هەزار میلیارد تمەن کەمیی بودجە بەرەڕوو دەبێت و داوای لە مەجلیس کردبوو کە لایحەی بودجەی ساڵی ١٤٠٠ ڕەت بکەنەوە.

پێشتر کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران باسیان لەوە کردبوو، دەوڵەت بە وەرگرتنی وامی ٥ میلیارد دۆلاری دەیهەوێت کورتهێنانی بودجەی خۆی قەرەبوو بکاتەوە، چونکە وڵاتانی بیانی هاوکاریی خۆیان بۆ قەیرانی کۆرۆنا لە ئێران دەربڕیوە.

بەپێی لێکۆڵێنەوەکان، دەوڵەت لە باشترین دۆخدا دەتوانێت ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت، بۆیە دەسەڵات بە وەرگرتنی وام لە سندووقی نێونەتەویی دراو هەم پێش بە کۆرۆنا بگرێت و هەمیش کورتهێنانی بودجەی خۆی قەرەبوو بکاتەوە.

زۆرێک لە کارناسانی ئابووری لایحەی بودجەی ١٤٠٠ بە کارەساتی ئابووری وەسف دەکەن.