کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ کڕینی "زێڕ" ماڵیاتی دانا

11:59 - 14 سەرماوەز 2721

ڕێکخراوی کاروباری ماڵیاتیی ئێران لە دەستوورێکدا بۆ زێڕفرۆشەکان داوای کردووە کە هەتا ٩ لەسەد ماڵیات لە کڕیاران بستێنن.

بەپێی ئەو دەستوورە کە ڕۆژی شەممە ١٣ی سەرماوەز بڵاو بووەتەوە، یاسای هەمیشەیی ماڵیات لەسەر زێدەبایی کڕینی زێڕ و پلاتین لە ڕێکەوتی ١٣ی بەرفەرانبار بە کردەیی دەکرێت و ٩ لەسەد ماڵیات لە کڕیاران دەستێنرێت.

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو کۆمەڵێک ماڵیاتی بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بودجە و کەمیی فرۆشی نەوت بەسەر خەڵکدا سەپاندووە؛ یەک لەوان ماڵیات لەسەر "سکە"یە کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بە شێوەی لەناکاو بەرز بووەتەوە.

ساڵی ٩٨ ئەو کەسانەی کە کەمتر لە ٢٠ سکەیان هەبوو ماڵیاتیان لێ وەرنەدەگیرا، بەڵام ساڵی ڕابردوو بۆ ١٠ سکە و ئەمساڵیش بۆ ٥ سکە دابەزیوە. هەر بۆیە ئامارەکانی شورای جیهانیی زێڕ پیشانی دەدات کە لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوو کڕینی سکە لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بە دابەزینی بایەخی ڕیاڵ زۆرێک لە خەڵکی ئێران ڕوویان لە کڕینی سکە کرد، بەڵام بەهۆی وەرگرتنی ماڵیات لەسەر سکە، خواستی خەڵک بۆ کڕینی سکە دابەزیوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتی ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' لە هەوڵدایە بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو، داهاتی ماڵیاتی دەوڵەت ٤٤ لەسەد بەرز بکاتەوە.