کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بێڕێزی بە سمایل ئاغای سمکۆ دەکات

12:16 - 17 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی تاران بۆ دژایەتیکردن و سڕینەوەی پێگەی ڕێبەرانی کورد دەست لە هیچ هەوڵ و کارێک ناپارێزێن.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە هەوڵێكی دیکەدا بە مەبەستی خەوشدارکردنی پێگەی ڕێبەرانی کورد لە میدیاکانی خۆیاندا هێرشیان کردە سەر ئیسماعیل ئاغای سمکۆ و بێڕێزیان بەو ڕێبەرەی نەتەوەی کورد کرد.

لە ساڵڕۆژی بوومەلەرزەی سەڵماسدا، کە ٨٩ ساڵ لەمەوبەر ڕووی داوە؛  هەواڵدەریی "ئیسنا"، سەربە ڕێژیمی ئێران، باسی لەوە کردووە، کە ٢٥٠٠ کەس لە خەڵکی ئەو شارە لەو بوومەلەرزەیەدا گیانیان لە دەست دا و پێشتریش ٥٠ هەزار کەس لە شەڕی جیهانیی یەکەمدا، شۆڕشی جیلۆلووق  و سمکۆدا کوژرابوون.

باسکردن لە ڕووداوێکی سروشتی کە خەڵکێکی زۆر تێیدا گیانیان لە دەست داوە و هاوکات ناوبردن لە ڕێبەرێکی کورد کە دژ بە داگیرکەرانی کوردستان خەباتی کردووە، تەنیا بۆ خەوشدارکردن پێگەی ئەو ڕێبەرە لە نێو خەڵکدایه.

هاوکات کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا باسی بوومەلەرزەیەکی کۆن دەکەن، کە ٨٩ ساڵی بەسەریدا تێپەڕیوە و سمکۆ وەکوو خوێنڕێژێک ناو دەبەن، ئەم قسانە تەنیا دوژمنایەتیکردن لەگەڵ خەڵکی کوردستان و ترس لە پێگەی ڕێبەرانی نەتەوەی کورد کە خۆشەویستی خەڵکی خۆیانن، دەسەلمێنێت.

هاوکات میدیاکانی ڕێژیمی ئێران کوشتارەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی و شۆڕشی سمکۆ وەکوو یەک ناو دەبەن؛ لە کاتێکدا شۆڕشی سمکۆ بۆ ئازادیی نەتەوەی خۆی بووە و شەڕی یەکەمی جیهانی بە هۆی پاوانخوازی و ڕۆحی کۆلۆنیالیزمیی هێندێ دیکتاتۆر ڕووی دا.

لەم پەیوەندییەدا، ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند ڕۆژ پێش، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، کە لە میانەی ٣٢مین خولی پیشانگای کتێبی تاران، کاربەدەستانی دیکتاتۆر و جەنایەتکاری تاران لە بنێرێکدا کە بە وێنەی دوکتور قاسملوو نەخشێندرابوو، جارێکی تر ترسی خۆیان لە هەمبەر ڕاسانی ڕۆژهەڵات و خەباتی حیزبی دێموکرات دەربڕیوە و دوای ٣٠ ساڵ لە تێرۆرکردنی ڕێبەری کاریزمای نەتەوەی کورد، شەهید د. قاسملوو کە بە دەستی دێوەزمە تێرۆریستەکانی خۆیان تێرۆر کرا، هێشتا لە بیر و هرزی دەترسێن و دەستان بە بێڕێزیکردن بەو ڕێبەرەی کورد کردووە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی تاران وەک فەرهەنگێکی خۆیان لە سیاسەتدا لە بێڕێزیکردن خۆ ناپارێزن و نموونە و قسەی سووک کە دوور لە عورفی سیاسییە، بەکار دێنن.