کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بێڕێزیی بە پێشمەرگە دەکات

12:08 - 4 رێبەندان 2720

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە لە ئاستی جیهاندا وەک تێرۆریست ناسێندراوە و گەورەترین هێزی نیزامییەکەی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسێندراوە، بەڵام بێڕێزیی بە پێشمەرگە و خەباتی نەتەوەی کورد دەکات.

دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی بێڕێزییەکانی خۆی بە نەتەوەی کورد ئەمجارە دەستی بە بێڕێزی بە پێشمەرگە کردووە.

لە ڤیدیۆیەکدا کە ڕێژیم لەژێر ناوی "توکل" بڵاوی کردووەتەوە باس لە شەڕی داعش دەکات کە چۆن هیچ وڵاتێک یارمەتی بە هەرێمی کوردستان نەدا و ئەوان بە هانای هەرێمی کوردستانەوە چوون.

لەو ڤیدیۆیەدا کە ڕێژیمی ئێران بە درۆ باس لە بابەتی شەڕی داعش دەکات وا دەنوێنێت کە تەنیا ئەوان بوونە بە هانای هەرێمی کوردستانەوە چوونە.

لە ناورۆکی ئەم ڤیدیۆیەدا هاتووە کە چۆن پێشمەرگە شەڕی نەکردووە و ئەوان پاشکشەیان لە شەڕدا کردووە. هەروەها بێڕێزیی بە خەباتی کورد و ڕێبەرانی نەتەوەی کورد کراوە.

ڕێژیمی ئێران لە بواری ئەخلاق و سیاسەت وەک ڕێژیمێکی بێ ئەخلاق ناسراوە کە لە دەرفەتەکان لەگەڵ دژبەرانی خۆی بۆ کوشتن کەڵک وەردەگرێت.

ئەم ڤیدیۆیە لە کاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە هەموو جیهان شایەتیی ئەوە دەدات کە لە شەڕی داعش، پێشمەرگە بە نوێنەرایەتی جیهان شەڕی تێرۆریزمی کرد.

وڵاتانی ئاڵمان، فەرانسە و ئامریکا بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاند پێشمەرگە نوێنەری ئێمە بۆ شەڕی دژی تێرۆرە و پێشمەرگە بۆ ئاشتی لە جیهاندا شەڕ دەکات.

لە کاتی شەڕی داعشدا "باراک ئۆباما"سەرۆکی ئەو کاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاند: " ئەوەمان بینی کە لە گۆڕەپانداهاوپەیمانییەتی بەهێزمان هەیە لە دژی ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش؛ ئەویش هێزی پێشمەرگەیە".

هەروەها لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ ڕێزگرتن لە پێشمەرگە سەرجەم تابلۆ دیجیتاڵییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە ناوی پێشمەرگەی لەسەر نووسرا.