کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە ئاشکرا مایەپووچ بووە

12:17 - 29 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لە زۆربەی بوارە جۆراوجۆرەکاندا مایەپووچ بووە و گەیشتووەتە دوایین پەلەقاژییەکانی خۆیەوە.

بۆ ئەوەی مایەپووچبوونی ئابووریی ڕێژیممان بۆ ئاشکرا ببێت، بەپێی ئەو ئامارانەی کە سەرژمێریی حەشیمەت و خانوو لە ساڵ ١٣٨٥ هەتا ١٣٩٠ بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی ئەم ساڵانە کە زیاتر لە ٦٢١ میلیارد دۆلار داهات بە ئابووریی ئێران زیاد کراوە، تەنیا ٧١ هەزار کەس بوونەتە خاوەن کار، لە حاڵێکدا وڵاتی چین لە ساڵەکانی ١٩٩٦ هەتا ١٩٧٨ بە ٢٣٠ میلیارد دۆلارەوە، ٢٢٦ میلیۆن هەلی کاری بۆ هاووڵاتییانی چینی ڕەخساندووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ئامارەکانی بانکی ناوەندیی ڕێژیم، پیشانیان داوە، کە لە ساڵی ١٣٩٣ هەتا ١٣٩٦پشکی پێشەی ئێران لە بەرهەمهێنانی ناپەتیی نێوخۆیی لە ڕێژەیەکی کەمی ١٤/٩ لەسەدییەوە بە ١٣ لەسەد گەیشتووە، هەروەها لە کەرتی ماشینسازیدا، لە ساڵی ١٣٩٣ لە ١/٩ لەسەدی بە ٩ لەسەد گەیشتووە، کە لە ساڵی ١٣٩٧ پاش گەمارۆوەانی ئامریکا نەک تەنیا ئەم ڕێژەیە بەڵکوو زۆربەی بەشەکان وەکوو بوودجەی بەشی ئاوەدانیی زۆر دابەزیون و تەنانەت بە ئاستی سفر گەیشتوون.

لەم بارەوە جێگری کاروباری ئاو و ئابفای وەزیری وزە وتوویەتی: "سەرچاوەی ئاوە ژێرزەوییەکان کە لە سامانە گرنگەکانی وڵاتە، بە هۆی کەڵکوەرگرتنی لەڕادەبەدەر و بێسنوور ڕووی لە فەوتانە، ئەم قەیرانە هەتا ڕادەیەکە کە تەنانەت پێدەچێت ئەم سامانە گرنگە هەتا ١٥ ساڵی دیکە بەتەواوەتی لە نێو بچێت و دەرئەنجامی نالەباری وەکوو داتەپینی زەوی و چوونەسەرەوەی تێچووی وەبەرهێنان لە بیرەکانی بەدواوە بێت.

ئەم قەیران و مایەپووچبوونە تەنیا بوار یان بەشێکی ڕێژیمی نەگرتووەتەوە، بەڵکوو لە زۆربەی بەشەکاندا ئابووریی ڕێژیم داڕماوە و ئەم ڕێژیمە کە لە لایەن کۆمەڵێک کەسی ناشارەزا و دەمارگرژەوە ڕێبەری دەکرێت، بە هۆی گوشارە ئابوورییەکان و یەکنەگرتنەوەی داهاتەکانی لەگەڵ ئەو تێچووانەی کە زیاتر بۆ کاروباری تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕانە بەکار دەچێت، لە قەیرانێکی زۆر بەرینی ئابووریدایە و جگە لە چەواشەکاری هیچ ڕێگاچارەیەکی دیکە شک نابەن.