کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە بیانووی ئاردی خراپەوە گەنم هاوردە دەکات

17:27 - 15 خەرمانان 2720

جێگری سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، بە بیانووی خراپیی ئاردەوە گەنم هاوردەکردن، ئێمەی لە ڕەوتی خۆبژێوی بەنسیبەت گەنمەوە وەدوا خستووە.

"ئەمیر حوسێن قازیزادە" جێگری سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی: "هەندێک کەموکۆڕی بووەتە هۆی ئەوەی کە گەنم هاوردە بکرێت و چۆنیەتیی گەنمی نێوخۆیی لە ئاستێکی خواردا بێت".

"قازیزادە" باسی لەوە کردووە، هەندێک بۆ بەرژەوەندیی خۆیان هۆکاریی ئەوەن گەنمی نێوخۆیی بەباشی نەبێتە ئارد و لە بەرامبەر ئاردی هاوردەکراودا ناشیرین نیشان بدرێت، تاکوو لەو ڕێگەوە ڕەوایی بدەنە کارەکەی خۆیان و ئاردی نێوخۆیی لە بازاڕدا بێنرخ نیشان بدەن.

ئاوڕنەدانەوەی بەرپرسانی ڕێژیم، کێشەی بێئاوی، دابیننەکردنی پێداویستی و ئیمکانات، نەدانی پارەی ساڵانی ڕابردوو بە وەرزێڕان لەلایەن سیلۆکانەوە، هەروەها بەرهەمنەهێنانی ئاردێکی باش لە گەنمی نێوخۆیی بەئەنقەست لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە، ئەو هۆکارگەلەن کە ڕێخۆشکەرن بۆ هاوردەکردنی گەنمی زیاتر و بێنرخبوونی ئاردی نێوخۆیی، ئەمەش ئاستی بەرهەمهێنانی گەنمی لە ئێراندا بە ڕادەیەکی بەرچاو دابەزاندووە.