کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە بیانووی کۆرۆنا حکوومەت نیزامی بەڕێوە دەبات

11:14 - 15 بەفرانبار 2720

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان و ئێران بەردەوام تەشەنە دەستێنێت و خەڵک جیا لەوەیکە تووشی کۆرۆنا دەبن، ڕێژەی قوربانییانی ئەو نەخۆشییەش بەردەوام بەرز دەبێتەوە.

ڕێژیمی ئێران کە ناتوانێت نەخۆشیی کۆرۆنا کۆنترۆڵ بکات، بەڵام بڕیاراتێک دەدات کە هیچ پێوەندیی بە کۆنترۆڵی ئەو نەخۆشییەوە نییە.

"ئیرەج حەریرچی" جێگری وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران لە بڕیارێکی دیکە ڕایگەیاندووە کە لە سەرجەم شارەکان لە کاتژمێر ٩ی شەو بەولاوە هاتوچۆ قەدەغەیە و ئەگەری هەیە ئەو بڕیارە هەتا کۆتایی ساڵ درێژەی هەبێت.

ئەو بڕیارەی ڕێژیمی ئێران لە ترسی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستان و ئێرانە. ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەردەوام زیاتر دەبێت و ڕێژیمی ئێرانیش لە ترسی ئەو خۆپیشاندانانە بە بیانووی کۆرۆنا قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەنێت.

لە ماوەی ڕابردوودا کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران تەنیا قەدەغەی هاتوچۆیان لەنێوان شار و پارێزگاکاندا ڕاگەیاندبوو، بەڵام ئێستا لە کاتژمێر ٩ی شەو بەملاوە قەدەغەی هاتوچۆیان ڕاگەیاندووە.