کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە دابەشکردنی کەلوپەلی خۆراکی دەیهەوێت خەڵک بکاتە بەسیج

17:42 - 16 سەرماوەز 2720

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەز، لە چەند گەڕەکێکی میراوای بۆکان بەتایبەت ئەو گەڕەکانەی دەوروبەری شار، دەستەیەک لە بەسیجییەکانی ڕێژیم بە نێو کۆڵانەکاندا گەڕاون و ویستوویانە بە دابەشکردنی کەلوپەلی خۆراکی خەڵک فریو بدەن و لە ڕێکخراوی بەسیج ناویان بنووسن.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم کەسانە هەندێک کەلوپەلی وەکوو "برنج، ڕووب، ماکاڕۆنی" و هێندێک شتی دیکەیان بەو مەرجە بەسەر خەڵکی کەمداهات و هەژار دابەش کردووە کە کۆپیی ناسنامە و وێنەیان لێوەرگرن و لە ڕێکخراوی بەسیجدا ناویان بنووسن.

هەروەها ئەو کەسانەی کە ئەو یارمەتییانەیان لەو بەسیجیانە وەرگرتووە و ناویان نووسراوە پێیان ڕاگەیاندوون کە بۆ ڕۆژی دواتر سەردانی حەوزەی "بەسیج" لە کۆڵانی "سنەوبەر" لە خوارەوەی فەلەکەی فەرمانداری بکەن و کارتەکەیان وەربگرنەوە.

ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی جۆراوجۆر و جیاوازەوە لە هەوڵدایە نەریتی سیخوڕیکردنی ئەندامانی کۆمەڵگا لەسەر یەکتر پەرە پێبدات و بەو جۆرە خەڵک کۆنترۆڵ بکات.