کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە دانانی سانتریفییوژی نوێ دامەزراوەی نەتەنزی بەهێز کردووە

12:05 - 3 بەفرانبار 2720

جێگری سەرۆکی کاروباری سیاسی و پێکهێنانی ئاشتی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران دامەزراوە ناوکییەکانی خۆی بە دانانی سانتریفییوژی نوێ بەهێز کردووە.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢ی بەفرانبار، "ڕۆزێماری دیکارلۆ" جێگری سەرۆکی کاروباری سیاسی و پێکهێنانی ئاشتی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دانیشتنی شورای تەناهیدا سەبارەت بە بەرنامەی ناوکی و مووشەکیی ڕێژیمی ئێران، بە ئاماژەدان بەوەی کە تاران تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە گواستنەوەی چەکوچۆڵ بۆ لیبیی ئینکار کردووە، داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە بە بەرجام پێبەند بێت.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە: "ئێمە نەمانتوانی بیسەلمێنین کە ڕێژیمی ئێران مووشەکی بۆ لیبی ناردووە".

پێشتر ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەز، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە ڕاپۆرتێک بۆ ئەندامانی ئاژانس ڕایگەیاندبوو کە ڕێژیمی ئێران بەتەمایە سانتریفییووژگەلی پێشکەوتووی زیاتر لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنزدا دامەزرێنێت.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتبوو کە سانتریفییووژە نوێیەکان لە جۆری پێشکەوتووی IR-2M دەبێت کە لە ٣ تاڤگەی ١٧٤ دانەییدا لە بەشی ژێرزەوینیی دامەزراوەکانی نەتەنزدا دادەنرێت.

ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا کۆمەڵگای جیهانیی زیاتر بەنیسبەت دۆخی سەقامگیریی ناوچەکەوە هەستیار کردووەتەوە.