کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە دانانی گەڵاڵەی ''ئەمین'' هەوڵ دەدات سیاسەتە ئیدئۆلۆژییەکانی خۆی بەسەر قوتابییاندا بسەپێنێت

12:24 - 15 رەشەمه 2720

ڕێژیمی ئێران بە بەڕێوەبردنی گەڵاڵەیەک لەژێر ناوی گەڵاڵەی ''ئەمین'' تەڵەبەکانی حەوزەی عێلمییە دەخزێنێتە نێو قوتابخانەکان و لەو ڕێگایەوە هەوڵ دەدات ئامانجە ئیدئۆلۆژییەکانی خۆی لە قوتابخانەکان دابەزێنێت.

''عەلی ڕەزا حاجیان زادە'' ڕاوێژکاری باڵای وەزیر و بەرپرسی ستادی هاوکارییەکانی حەوزەی عێلمییەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە گەڵاڵەی ''ئەمین'' لە ٤ هەزار قوتابخانە بەڕێوە دەچێت و بەپێی ئەو گەڵاڵەیە تەڵەبەکان دەتوانن ٣ ڕۆژ لە حەوتوو لەگەڵ قوتابییان بن و پرسیارەکانیان وڵام بدەنەوە.

بە وتەی ناوبراو تەڵەبەکان لە بوارەکانی وەکوو "نوێژی بەکۆمەڵ، لێدوان بۆ قوتابییان و بەڕەێوەبردنی ڕێوڕەسمە مەزهەبییەکان" چالاکی دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە جگە لەو گەڵاڵەیەی ڕێژیم، بابەتی دامەزراندنی تەڵەبەکان بۆ وانەوتنەوە لە قوتابخانەکانی ئێران زیاتر لە ساڵێکە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە باسی لەسەر دەکرێت و ئێستا خەریکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە ڕاستای ئەو هەوڵەی ڕێژیم بۆ خزاندنی تەڵەبەکان بۆ نێو قوتابخانەکان، ئەو تەڵەبانە دەتوانن لە هەشت ڕشتەی خوێندن وانە بڵێنەوە و جێگای مامۆستایان کە خوێندنی باڵایان لەو بوارەدا هەیە، بگرنەوە.