کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە زۆرەملێ قوتابییان ڕەوانەی "کاروانی ڕاهییانی نوور" دەکات

10:52 - 3 رێبەندان 2719

بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی کوردستان گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەکان کە منداڵەکانیان بۆ "ڕاهییانی نوور" بنێرن.

ڕۆژی چوارشەممە، ۲ی ڕێبەندان، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە قوتابخانەکان، بە زۆرەملێ باوک و دایکی منداڵانیان بانگهێشت کردووە و کۆبوونەوەیان بۆ گرتوون.

لەو کۆبوونەوەیەدا، بەڕێوەبەری دەبیرستانی "چەمرانـ"ـی نۆدشە بە بنەماڵەکانی وتووە کە لە ڕێکەوتی ۱٤ی ڕێبەنداندا دەبێ ئیزن بە منداڵەکانتان بدەن کە بیانبەین بۆ ڕاهییانی نوور. ئەو داواکارییەش لەگەڵ ناڕەزایەتیی بنەماڵەکان بەرەوڕوو بووەتەوە.

بەڕێوەبەری قوتابخانەکە کە دەزانێت خەڵکەکە ڕازی نابن، پێیان دەڵێت، کێشە نییە ئەگەر ڕازی نابن، بەڵام من لە هەر کام لەو منداڵانە کە نەیەن بۆ ئەو سەفەرە، ٨ نومرە لە دەرسەکانیان کەم دەکەمەوە. وێڕای ئەم هەڕەشەیەش، دیسان بنەماڵەکان بەوە ڕازی نەبوونە کە منداڵەکانیان بنێرن.

هاوکات لە شارستانی ڕوانسەر، بەرپرسانی ڕێژیم خەریکی سازماندانی قوتابییانی پۆلی دواناوەندین و دەیانهەوێت بۆ "ڕاهییانی نوور"یان  ببەن.

لەو کۆبوونەوەیەدا، بەرپرسی  پەروەردە و هەموو جێگرەکانی ئیمام جومعە، ڕەئیسی سپا و  جاشەکان، هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان، بە تایبەت ئەدمینی ژوورە تێلێگرامییەکان کە هەموویان سەر بە ڕێژیمن، بەشدار بوون.