کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە زۆرەملێ قوتابییانی کوردستان دەکاتە ئەندامی بەسیج

12:24 - 23 بانەمەڕ 2722

بە پێشنیاری ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران و کاربەدەستانی دەوڵەت، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم فۆرمی ئەندامیەتی لە ڕێکخراوی بەسیج لەنێو قوتابییانی ئێران بە تایبەت کوردستان بڵاو کردووەتەوە، کە دەبێ بە زۆر ئەو فۆرمە پڕ بکەنەوە.

بە فەرمانی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان لەنێو قوتابییانی کوردستانی ڕۆژهەلات لە ماکۆ هەتا ئیلام فۆرمی ئەندامیەتی لە ڕێکخراوی بەسیج بە تایبەت ئەو قوتابییانەی کە ئەندامی بنەماڵەی شەهید، زیندانیی سیاسی و بنەماڵەی پێشمەرگەن بڵاو کراوەتەوە و هوشداری دراوە کە دەبێ بەزۆر ئەو فۆرمە پڕ بکەنەوە.

پەروەردە و بارهینانی ڕێژیمی ئێران هۆشداریی داوە کە ئەگەر پڕکردنەوەی ئەو فۆرمانە لەلایەن بنەماڵەی قوتابییان دژایەتی بکرێت نمرەی منداڵەکانیان کەم دەکرێتەوە و لە تاقیکارییەکانی کۆتایی ساڵ نمرەی ڕەتیان پێ دەدرێت.

ئەو هەوڵەی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی ئامانجە نیزامی و ئیدئۆلۆژییەکان دێتە ئەژمار کە بەپێی یاسای نێونەتەوەیی قەدەغە کراوە.

بەپێی پرۆتۆکۆلی کۆنوانسیۆنی مافی منداڵان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت به قەدەغەبوونی بەکارهێنانی منداڵان وەکوو سەرباز، کەڵکوەرگرتن لە منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵە لە شەڕ، سەربازگیریی زۆرەملێ چ لەلایەن دەوڵەت و چ لەلایەن هێزە چەکدارە نادەوڵەتییەکانەوە قەدەغەیە؛ ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٨٩دا پرۆتۆکۆلی دژایەتی لەگەڵ بەشداریی منداڵان لە شەڕی واژۆ کردووە، لە حاڵێکدا کە زیاتر لە ٥ ملیۆن قوتابیی بەسیجی لە ئێراندا هەیە.