کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە "داعش" کەڵک وەردەگرێت

17:12 - 13 سەرماوەز 2721

لە ئەمساڵدا گرووپی تێرۆریستیی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ٢٠٦ کردەوەی تێرۆریستیی ئەنجام داوە. چاوەدێرانی سیاسی باوەڕیان وایە کە ئەم هەوڵانەی داعش بە هاندانی ڕێژیمی ئێرانە بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

لەمبارەوە ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، لە ١٠ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا، چەکدارانی داعش ٢٠٦ کردەوەی تێرۆریستییان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە و بەهۆیانەوە ٨٣٧ کەس شەهید، بریندار و ڕفێندراون.

لە دواهەمین کردەوەی تێرۆریستیی داعش، ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەز هێرشیان کردە سەر گوندی خدرجیجە لە مەخموور و بەهۆیەوە ١٣ کەس شەهید بوون کە سێیان کەسی سڤیل بوون و دەکەی دیکەشیان پێشمەرگە بوون.

ڕێژیمی ئێران هەمیشە هەوڵی داوە کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێک بدات و بە گەورەترین هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر قەبارەی هەرێمی کوردستان دێتە ئەژمار.