کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران: بە هیچ شێوازێک دانوستان ناکەین

18:04 - 2 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: وتەبێژی شۆرای باڵای ئاسایشی میللیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە بە هیچ شێوازێک دانوستان لە کاری ئێمەدا نابێت.

"کەیوان خوسرەوی"، وتەبێژی شۆرای باڵای ئاسایشی میللیی ڕێژیمی ئێران وتی: "ڕاشکاوانە وتوومانە کە تاکوو هەڵسوکەوتەکان نەگۆڕدرێن و مافەکانی ئێران دابین نەکرێت، ڕێگاکەمان هەر ئەمەیە و بە هیچ شێوازێک دانوستان ناکەین."

ناوبراو بە ئاماژەدان بە زیادبوونی سەفەری هەندێک لە بەرپرسانی وڵاتانی جیهان بۆ ئێران، زیادی کرد: "هەندێک لەو بەرپرسانە بە نوێنەرایەتیی ئامریکا دێن بۆ ئێران و هەندێک لەم سەفەرانە میدیایی دەکرێتەوە و هەندێکیشیان نهێنی دەمێنێتەوە."

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە درێژەدا وتی: "بەپێی سیاسەتی ئوسووڵیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بێ هیچ جیاوازی دانانێک، پەیامی هێز، مەنتق، خۆڕاگری و ڕاوەستانی میلەتی ئێران بە ئەوان ڕادەگەیەنین."

ئەم قسانەی وتەبێژی شۆرای باڵای ئاسایشی میللیی ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە پەیامی میلەتەکانی نێو ئێران لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ٨٠ لەسەدی خەڵکی ئەم وڵاتە، ئەم ڕێژیمەیان قەبووڵ نییە و خوازیاری ڕووخانی ڕێژیمی ئێرانن.