
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندان "حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان" لە کۆنفڕانسی ئەمنییەتیی "مونیخ" لەبابەت ڕێککەوتنی ئێران و ئامریکا وتی: "بۆ درێژەدانی وتووێژەکان لەبابەت ڕێککەوتنی بەرجام سەرەتا ئامریکا دەبێ گەمارۆکان لەسەر ئێران هەڵبگرێت و پارە بلۆکەکراوەکان ئازاد بکات".
ناوبراو هەروەها داوای گەرەنتیی یاسایی، سیاسی و ئابووریی لە ئامریکا بۆ ڕێککەوتنی "بەرجام" کردووە.
هەر لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندان، دیپلۆماتێکی ئورووپایی لە پەراوێزی کۆنفڕانسی "مونیخ" ڕایگەیاند: "وتووێژەکان لە قۆناغی کۆتاییدان و حەوتووی داهاتوو ئاکامی وتووێژەکان ڕادەگەیەندرێن".
ئەو دیپلۆماتە هەروەها وتوویەتی: "هەموو کێشەکانی دوولایەن چارەسەر کراون".
وتووێژەکان بۆ ڕێککەوتنی "بەرجام" لەنێوان ڕێژیمی ئێران و ئامریکا لە قۆناغی کۆتاییدان، بەڵام ڕێژیمی ئێران بە هێنانەوەی پاساو هەوڵ دەدات ئەو پرۆسەیە درێژە بکێشێت.