کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات پێش بە بەڕێوەچوونی نەورۆز بگرێت

12:55 - 29 رەشەمه 2720

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەشەمە، هێزێکی زۆر لە جاش و پاسدارەکانی ڕێژیمی ئێران ئەو ڕێگایانەی کە بەرەو تەرەغە دەڕوات بەستووە و ڕێگا نادەن خەڵک لە کێوی تەرەغە نزیک ببنەوە.

 بەپێی زانیارییەکان جاش و پاسدارەکانی ڕێژیمی ئێران ڕێگاکانی ''بۆکان بەرەو تەرەغە، مەهاباد بەرەو تەرەغە و ڕێگای چەندین گوند کە بەرەو تەرەغە دەڕوات'' بەستووە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات پێش بە بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە بگرێت.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی سپای پاسداران، وێنە لە پلاکی ماشینی ئەو کەسانە دەگرن کە دەیانەوێت بەرەو تەڕەغە بڕۆن.

خەڵکی بۆکان چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردبووەوە کە ڕۆژی هەینی، ڕێوڕەسمی نەورۆز لە کێوی تەرەغە وەکوو نەریتی هەموو ساڵێک بەڕێوە دەبەن.

ڕێژیمی ئێران بۆنە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان بە هەڕشەیەکی جیددی بۆ سەر خۆی دەزانێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات پێش بە بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمانە بگرێت.