کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە پێدانی وامی ١٠٠ ملیۆن تمەنی منداڵ‌ هاوسەری پەرە پێ دەدات

17:54 - 8 رێبەندان 2720

مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی دەرکردنی بڕیارێک دایە کە بۆ ساڵی داهاتوو وامی هاوسەرگیری لە ٥٠ ملیۆنەوە بۆ ٧٠ ملیۆن تمەن زیاد بکات، بەڵام لە خاڵێکی جیاوازی ئەو وامەدا بۆ کوڕانی تەمەن ژێر ٢٥ ساڵ و کچانی ژێر ٢٣ ساڵ ١٠٠ ملیۆن تمەن وام لەبەرچاو گیراوە.

ئەم بڕیارە مەجلیسی لەنێوان هەندێک لە بەرپرسان و چالاکانی کۆمەڵایەتی نیگەرانیی ئەوەی لێ کەوتووەتەوە کە ئەم بڕیارە پەرە بە منداڵ هاوسەری دەدات.

''محەممەد مەهدی توندگویان'' جێگری ڕێکخستنی کاروباری لاوان وتوویەتی: "بەرزبوونەوەی وامی هاوسەرگیری دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی منداڵ هاوسەری و هەروەها پەرەگرتنی دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکانی بەدواوە دەبێت".

ناوبراو وتوویەتی، نرخی هەڵاوسان و کێشە ئابوورییەکانی پێوەندیدار بە کار و خانوو تەمەن ناناسێت، بۆچی بۆ پێدانی وامی هاوسەرگیری جیاوازی تەمەنی لەبەرچاو گیراوە.

لە ئامارەکانی ڕێژیمی ئێراندا هاتووە کە زیاتر لە ٧ هەزار کچی ژێر تەمەن ١٤ ساڵ، لە ساڵی ڕابردوودا ژیانی هاوبەشیان پێکهێناوە.