کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەبێ دادگاییکردن، حوکمی بەسەر ناڕازییاندا سەپاندووە

10:56 - 11 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: سەبارەت بە سەرکوتکەرانی ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە کوردستان و هەروەها کردەوە دژە مرۆیی و چەواشەکارانەکانی ڕێژیم، کۆمەڵێک زانیاری بڵاو کراوەتەوە و هەندێک لەو سەرکوتکەرانە لەلایەن خەڵکەوە ناسێندراون.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە شاری بۆکان ڕایگەیاندووە: "یەعقووب محەممەدیخا، بەرپرسی دادگای بۆکان و هەروەها حەمید قودرەت، دادستانی بۆکان کە تورکزمانە، لە شەوی ناڕەزایەتییەکاندا، لێپرس و بەرپرسانی بەڕێوەبردنی ئەحکامیان لە ئیتلاعاتدا کۆ کردووەتەوە و حوکمی زیندانیان بۆ نزیک بە ٦٠ کەس لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکان دەرکردووە".

٧ کەس لە ناڕازییانیان بە تۆمەتی موحاربە حوکم داون و ٢٠ کەسی دیکەشیان بە بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کردوون.

دوو کەس لەم دەسبەسەرکراوانە، بە ناوەکانی "شیری" و "ڕازق پوور"،  بە مۆڵەتی (جەواز) کار و بارمتەی ٢٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کراون و چارەنووسی ژمارەیەکی بەرچاویان ناڕوونە و ڕەوانەی زیندانی بۆکان کراون.

هەروەها چەند کەسی دیکەش لە گرتنگەی ئیتلاعاتدا ڕاگیراون و هەندێکیشیان بۆ ورمێ گوازراونەتەوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا هەروەها وتی: "جەلال ڕەسووڵی خەڵکی بۆکانە کە ساچمە وەبەر نوخاعی کەوتووە و لە نەخۆشخانەیە".

کەسێکیش بە ناوی "ئازاد محەممەدیانی" بەهۆی وتووێژ لەگەڵ تەلەفیزیۆنێکی دەرەوەی وڵات، دەسبەسەر کراوە.

شایەتحاڵان ڕایانگەیاندووە کە ١٥ کەس لە جاش و خۆفرۆشان کە دەمامکیان پێ بووە، لە ماشینێک دابەزیون و شیشەی چەندین باجەی تلفۆن و بانکیان شکاندووە و شووشەی چەند دووکانیشیان هێناوەتە خوارێ.

"جەواد غوڵامی" بەرپرسی دۆسییەی و لێکۆڵەری شەش زیندانی سیاسی بە ناوەکانی محەممەد ئێلیاسی، هیوا قوربانی ئەقدەم، مەنسوور شارەبان ، ئەژدەر عەباسی، حوسێن برایم هەمزە و جەماڵ یووسفی "یە كه ئيستا چارەنووسی هەموویان لە زیندانی بۆکان ناڕووونە و هەڕەشە لە بنەماڵەکانیان کراوە .