کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەبێ هیچ چاکسازییەک داوا دەکات کەسانی بلیمەت بۆ ئێران بگەڕێنەوە

11:59 - 31 خاکەلێوه 2722

''ئیبراهیم ڕەئیسی'' سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە دانیشتن لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆ وتوویەتی: ''دەبێ لەگەڵ خوێندکاران و بلیمەتەکان بە شێویەک هەڵسوکەوت بکرێت کە بەنیسبەت داهاتووی ئێران هیوادار بن کە نەتەنیا لە فیکری کۆچکردن لە ئێران نەبن، بەڵکوو ئەوانەی کە کۆچیان کردووە بگەڕێنەوە بۆ ئێران".

ئەو قسانەی ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' لەبارەی ڕێزگرتن و هەڵسوکەوتی شیاو لەگەڵ خوێندکاران و کەسانی بلیمەت لە حاڵێکدا دەوترێت کە دەیان حاڵەتی جۆراجۆر بە پێچەوانەکەی بەڕێوە چووە.

لە ساڵانی ڕابردوو ڕاپۆرتی جۆراجۆر لەسەر شەپۆلی کۆچکردنی بلیمەتەکانی ئێران بۆ وڵاتانی دیکە بڵاو بووەتەوە، مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی تەندروستی و دەرمانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە نامەیەکدا بۆ ''عەلی خامنەیی'' سەبارەت بە دابەزینی ڕێژەی کادری پسپۆڕی دەرمانی نیگەرانیی دەربڕیبوو.

هەروەها ''غوڵام حوسین مەجزوبی'' جێگری توێژینەوە و تێکنۆلۆژیی زانکۆی ''بووعەلی سینا'' مانگی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، شەپۆلی کۆچکردنی مامۆستایانی زانکۆ بۆ دەرەوەی وڵاتی پشتڕاست کردبووەوە و وتبووی: ''بەپێی ئامارەکان شایەتی کۆچکردنی مامۆستایانی زانکۆ بۆ وڵاتانی دیکەین، لە حاڵێکدا کە لە ڕابردوو تەنیا شایەتی کۆچکردنی کەسانی بلیمەت بووین''.

هەواڵدەریی ''مێهر'' سەر بە ڕێژیمی ئێرانیش باسی لە بەرزبوونەوەی سێ بەرابەریی کۆچکردنی خوێندکارانی ئێران لە ساڵەکانی ٢٠٠٠ هەتا ٢٠١٩ بۆ وڵاتانی دەرەوە کردبوو.

سەرەڕای کۆچکردنی مامۆستایانی زانکۆ و خوێندکاران لە ئێران بۆ وڵاتانی دەرەوە، ساڵانە دەیان خوێندکار بەهۆی بیر و ڕای جیاواز و چالاکی لە بواری سیاسی، مەدەنی و ژینگەیی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان دەکرێن.