کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەدوای تۆڵەی تێرۆریستەکانیەتی

12:50 - 14 گەلاوێژ 2720

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە لە دوای تۆڵەی تێرۆریست "قاسم سلێمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیسـ"ـە، ئەمجارە شیرکەتێکی موخابراتی لە عێراق تاوانبار کرد.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران کە لێكۆڵێنەوە لە کوژرانی "قاسم سلێمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس" دەکەن، ئەمجارە شیرکەتێکی موخابەراتیان لە عێراق بەوە تاوانبار کردووە کە ئەو شیرکەتە دەستی لە کوشتنی "قاسم سلێمانی" و هاوکارەکانیدا هەبووە.

بەپێی زانیارییەکان کە بڵاو کراوەتەوە، شیرکەتێکی موخابەرات زانیارییەکانی مۆبایلی یەکێک لە هاوکارەکانی "ئەبوو مەهدی موهەندیسـ"ـی داوەتە ئامریکا.

بەپێی ئەو زانیارییانە، ئەرتشی ئامریکا لە ڕێگای کۆنترۆڵی ‌مۆبایلی ئەو هاوکارەی "ئەبوو مەهدی" توانیویەتی بە ئامانجەکەی بگات.

ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانباری ساڵی ٩٨ی هەتاوی "قاسم سلێمانی"، فه‌رماندەی قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران و "ئەبوو مەهدی موهەندیس"،  به‌ فه‌رمانی "دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا كوژران. ئه‌و هێرشەی ئامریکا بۆ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی به‌رگریی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بۆ پاراستنی كارمه‌ندانی ئامریکا له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بووە.

پێنتاگۆن له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندبوو: "كوژرانی قاسم سلێمانی به‌ فه‌رمانی ڕاسته‌وخۆی دانڵد ترامپ بووە".

ڕێژیمی ئێران لە دوای کوژرانی ئەو تێرۆریستانە بەرەدوام هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات.